پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس ڕایگەیاند، هەستکردن بە خەواڵووییەکی سووک دوای نانخواردن هەمیشە مانای بوونی کێشەی تەندروستی نییە، بەڵکو دەکرێت پەیوەندی بە کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە، پرۆسەی هەرس، جۆری ژەمەکە، کاتی نانخواردن یان کەمیی خەوەوە هەبێت.
د. ئۆلیسیا سینیلنیکۆڤا، پزیشکی ڕووس، ئەو باوەڕە هەڵەیەی ڕەتکردەوە کە دەڵێت خوێن دوای نانخواردن تەواو بەرەو گەدە دەچێت و دەبێتە هۆی کەمیی ئۆکسجین لە مێشکدا، و جەختی کردەوە کە سووڕی خوێن لە مێشکی کەسی تەندروستدا لە ئاستی پێویستدا دەمێنێتەوە.
خەواڵوویی دوای ژەمی قورس و گەورە زیاتر دیارە، بەتایبەت ئەو ژەمانەی دەوڵەمەندن بە شیرینی، هەویرکاری، نانی سپی و کاربۆهیدراتی خێرا، چونکە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە شەکری خوێن و ئەنسولیندا، لەگەڵ ئەوەی کحولیش خەواڵوویی زیاد دەکات. هەروەها ئەم دۆخە ڕەنگە نیشانەی کەمیی خەو بێت، تەنانەت ئەگەر کەسەکە پێی وابێت بەشی پێویست خەوتووە؛ چونکە تێکچوونی خەو یان بڕانی هەناسە ڕێگرن لە پشووی ڕاستەقینە.
سینیلنیکۆڤا ئاماژەی بەوەش کرد کە خەواڵوویی بەردەوام بەتەنیا بەس نییە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە، بەڵام پێویستە پشکنین بكرێت ئەگەر بە تینوێتیی زۆر، زۆر میزکردن، تەڵخبوونی بینین یان گۆڕانکاریی بێهۆکار لە کێشدا هاوڕێ بوو.
بۆ کەمکردنەوەی خەواڵوویی دوای نیوەڕۆ، پزیشکەکە ئامۆژگاریی ئەم خاڵانە دەکات:
• کەمکردنەوەی قەبارەی ژەمەکان و پشتگوێنەخستنی ژەمی بەیانی.
• خواردنی پڕۆتین، سەوزە، ڕیشاڵ و کاربۆهیدراتی ئاڵۆز.
• ئەنجامدانی پیاسەیەکی کورت دوای نانخواردن لە جیاتی خواردنەوەی زۆری قاوە یان وزەبەخش.
• سەردانکردنی پزیشک ئەگەر خەواڵووییەکە توند بوو، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو، یان کاریگەریی لەسەر چالاکیی ڕۆژانە هەبوو.

