zagros news agency

توێژینەوەیەک: خەوتنی زیاتر لە نۆ کاتژمێر مەترسیی مردن زیاد دەکات

 

توێژینەوەیەکی درێژخایەن دەریخستووە، خەوتنی زیاتر لە 9 کاتژمێر لە شەوێکدا رەنگە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستی هەبێت، چونکە بەراورد بەو کەسانەی رۆژانە 7 بۆ 8 کاتژمێر دەخەون، پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی رێژەی مردنەوە هەیە.

توێژەران بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی دەیلی مەیل بڵاویکردووەتەوە، بۆ ماوەی 30 ساڵ چاودێریی خووی خەوتنی زیاتر لە 3 هەزار کەسیان کردووە. دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لەنێوان 7 بۆ 8 کاتژمێر دەخەون، کەمترین رێژەی مردنیان تۆمار کردووە.

ئامارەکان دەریانخستووە، رێژەی مردن لەو کەسانەی 7 بۆ 8 کاتژمێر دەخەون 10.57 حاڵەت بووە بۆ هەر هەزار کەسێک. ئەم رێژەیە بۆ ئەو کەسانەی کەمتر لە 6 کاتژمێر دەخەون بۆ 10.97 بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا بۆ ئەو کەسانەی زیاتر لە 9 کاتژمێر دەخەون گەیشتووەتە 11.27 حاڵەت.

راپۆرتەکە روونیکردەوە، خەوتنی 9 کاتژمێر ئەگەری مردن بە هەر هۆکارێک بە رێژەی 17%ـی زیاتر دەکات بەراورد بەو ماوەیەی بە نموونەیی دادەنرێت. توێژینەوەکە تەنیا پەیوەندییەکی ئاماریی دەستنیشان کردووە و نایسەلمێنێت خەوتنی زۆر هۆکاری سەرەکیی مردنی پێشوەختەیە.

هۆکارەکانی ئەم پەیوەندییە هێشتا بەتەواوی روون نەبوونەتەوە، بەڵام توێژەران ئاماژەیان بە ئەگەری بوونی چەند هۆکارێک کردووە، لەوانە بەرزەپەستانی خوێن، هەوکردن، تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجی، هەروەها ناڕێکیی هۆرمۆنی و بەرگریی لەش.

توێژەران پێیان وایە پێوانی ماوەی خەوتن دەکرێت ببێتە پێوەرێکی دیکە لە پشکنینە تەندروستییەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی مەترسیی کێشە تەندروستییەکانیان زیاتر لەسەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، راسپاردەی گشتی بۆ پێگەیشتووان ئەوەیە رۆژانە 7 بۆ 9 کاتژمێر بخەون.

هەواڵی پەیوەندیدار

چا یان قاوە؟ کامەیان مەترسیی پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات

سەڵاح

لەبەر ئەم هۆکارانە رۆژانە خواردنی هەنارت بیرنەچێت

lana

زیادبوونی ڤایتامین بی توشی چیت دەکات؟

lana