لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە خواردنی ڕۆژانەی ئۆمێگا-٣ دەتوانێت لە ماوەی سێ مانگدا پەستانی خوێن و هەوکردنی جەستە کەم بکاتەوە، ئەمەش وەک یارمەتیدەرێک بۆ چارەسەرە باوەکانی کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێنی بەرز کە مەترسیی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و خەسارەتی دەماریی مێشک زیاد دەکات.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری زانستیی “نوترینتس” (Nutrients) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە کە خواردنی ڕۆژانەی سووپلێمێنتەکانی ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا-٣ دەتوانێت لە ماوەی سێ مانگدا پەستانی خوێن و هەوکردنی جەستە کەم بکاتەوە. ئەم سووپلێمێنتانە دەتوانن لەپاڵ چارەسەرە باوەکاندا یارمەتیدەر بن بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێنی بەرز، کە حاڵەتێکە مەترسیی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و خەسارەتی دەماریی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، ژنان و پیاوانی تەمەن ٢١ بۆ ٧٠ ساڵ کە تووشی پەستانی خوێنی بەرز و ئاستی نائاسایی کۆلیسترۆڵ بوون، ڕۆژانە دوو کەپسوولی ١٠٠٠ میلیگرام ئۆمێگا-٣ی پزیشکییان وەرگرت.
دوای سێ مانگ، پەستانی خوێنی سیستۆلیکی (ژمارەی سەرەوەی پەستانی خوێن) بەشداربووان لە درێژایی ڕۆژدا بە تێکڕا ٦.٥ میلیگرام جیوە و لە درێژایی شەودا ٥.٥ میلیگرام جیوە کەم بووەوە. لێکۆڵەران هەروەها بۆیان دەرکەوت کە ئەم سووپلێمێنتانە لەو کەسانەشدا کە دەرمانیان بەکار دەهێنا، پەستانی خوێن و هەوکردنیان کەم کردەوە.
بۆ بەراورد، هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە دەرمانەکانی ستاتین لە ماوەیەکی هاوشێوەدا، پەستانی خوێنی سیستۆلیکی نزیکەی ٦ میلیگرام جیوە کەم دەکەنەوە. بەڵام لێکۆڵەران جەختیان لەوە کردەوە کە سووپلێمێنتەکان کاریگەرییان لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵ نەبووە و نابێت جێگەی دەرمانە ڕەچەتەکراوەکان بگرنەوە.
ئۆمێگا-٣ جۆرێکە لە چەوریی ناتێرکراوی سوودبەخش کە جەستەی مرۆڤ ناتوانێت بەرهەمی بهێنێت. سێ جۆری سەرەکیی هەیە کە بریتین لە ترشی دۆکۆزاهێکساینۆئیک (DHA)، ترشی ئایکۆزاپێنتائینۆئیک (EPA) و ترشی ئەلفا-لینۆلینیک (ALA). دوو جۆری یەکەم زیاتر لە ماسی و قەوزەدا دەدۆزرێنەوە، لە کاتێکدا جۆری سێیەم لە سەرچاوە ڕووەکییەکاندا وەک تۆوی کەتان، تۆوی چیا و گوێزدا هەیە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا-٣ لەوانەیە بە کەمکردنەوەی گرژبوونی خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی هەوکردنی گشتیی جەستە، یارمەتیی دابەزاندنی پەستانی خوێن بدەن. بەرنامە خۆراکییە دەوڵەمەندەکان بە ئۆمێگا-٣، وەک بەرنامەی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست، ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە پەیوەندییان بە تەندروستیی دڵ و مێشکەوە هەیە.
ڕاسپاردهی پسپۆڕانی خۆراک لە بەریتانیا خواردنی ڕۆژانە نزیکەی ٤٥٠ میلیگرام DHA و EPAیە. بە گوتەی ئێما باردۆڵ، پسپۆڕی خۆراک، ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی ڕێک ماسیی چەور دەخۆن و بەرنامەیەکی خۆراکیی هەمەچەشنیان هەیە، پێدەچێت پێویستییان بە سووپلێمێنتی ڕۆژانە نەبێت. بەڵام بۆ ئەوانەی ماسی ناخۆن یان ڕووەکخۆرن، خواردنی سووپلێمێنتەکانی ئەم دوو جۆرە ترشە چەورییە دەبێت تاوتوێ بکرێت.
ئەم بابەتە بە تایبەتی لە کاتی دووگیانی و شیرداندا گرنگە، چونکە DHA ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەی مێشک و چاوی کۆرپەلەدا دەگێڕێت. سووپلێمێنتەکانی ئۆمێگا-٣ لە ڕۆنەماسی، ڕۆنی جگەری ماسی و سەرچاوە ڕووەکییەکان وەک قەوزە و تۆوی کەتان بەرهەم دەهێنرێن.
باردۆڵ دەڵێت ئۆمێگا-٣ لە کاتی پێش وەستانی سووڕی مانگانە و وەستانی سووڕی مانگانەشدا لەوانەیە سوودبەخش بێت، چونکە بە کەمبوونەوەی ئاستی ئیسترۆجین، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانی ژنان زیاد دەکات و DHA و EPA دەتوانن تریگلسیریدی خوێن کەم بکەنەوە. بەڵام دۆزە چارەسەرییەکان بە گشتی زۆر بەرزترن لە بڕی بوونیان لە سووپلێمێنتە ئاساییەکاندا.

