لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ژنان زیاتر لە دوو هێندەی پیاوان تووشی میگرێن (شەقیقە) دەبن و گۆڕانکارییەکانی هۆرمۆن لەوانەیە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم جیاوازییە. ئەندرۆ چارڵز، پڕۆفیسۆری لێکۆڵینەوەکانی میگرێن لە زانکۆی کالیفۆرنیا، لە نێو سووپلێمێنتەکانی میگرێندا، مەگنیسیۆم بە تایبەتی بۆ حاڵەتە پەیوەندیدارەکان بە هۆرمۆنەکانەوە بە کاریگەر دەزانێت.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ژنان زیاتر لە دوو هێندەی پیاوان تووشی میگرێن دەبن و گۆڕانکارییەکانی هۆرمۆن لەوانەیە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم جیاوازییە. بەڵام کاریگەریی هۆرمۆنەکان لەسەر میگرێن لە کەسانی جیاوازدا وەک یەک نییە و تەنانەت لەوانەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا بگۆڕێت.
ئامارە جیهانییەکان دەریدەخەن کە ٢٠.٧٪ی ژنان و ٩.٧٪ی پیاوان تووشی میگرێن دەبن. هێرشەکانی میگرێن لە ژناندا بە گشتی توندتر، درێژتر و دووبارەترن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم جیاوازییە تا پێش هەرزەکاری بوونی نییە.
ئەندرۆ چارڵز، پڕۆفیسۆری لێکۆڵینەوەکانی میگرێن و سەرئێشە لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس، دەڵێت بڵاوبوونەوەی میگرێن لە کچان و کوڕاندا تا قۆناغی هەرزەکاری نزیکەی یەکسانە، بەڵام بە دەستپێکی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانی هەرزەکاری، ڕێژەی تووشبوون لە کچان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ئەم دۆخە لە ساڵانی زاوزێدا بەردەوام دەبێت، هەرچەندە هەندێک ژن دوای وەستانی سووڕی مانگانە باشتر دەبن.
فەرەح خان، پسپۆڕی دەمارناسی لە گرووپی پزیشکیی نۆرسوێستەرن، ڕوونیدەکاتەوە کە کاریگەریی هۆرمۆنەکان لەسەر میگرێن تەنها بە زیادبوونی یەک هۆرمۆن سنووردار نییە، بەڵکو تێکەڵەی ئیسترۆجین و پڕۆجێسترۆن و گۆڕانکاریی ئاستی ئەم دوو هۆرمۆنە دەتوانێت هاندەرێکی گرنگتر بێت.
ئەو ژنانەی سووڕی مانگانەی ڕێکیان هەیە، هەندێک جار تێبینی دەکەن کە هێرشەکانی میگرێن لە کاتێکی دیاریکراوی مانگدا ڕوو دەدەن. پزیشکان لە کاتی بینینی چنین شێوازێکدا، لەوانەیە ئەم هێرشانە وەک “میگرێنی سووڕی مانگانە” دەستنیشان بکەن.
بە گوتەی چارڵز، لەم حاڵەتانەدا دەتوانرێت چارەسەریی خۆپارێزیی کورتخایەن بەکار بهێنرێت؛ واتە نەخۆش لە جیاتی خواردنی ڕۆژانەی دەرمان، لەو ڕۆژانەی کە ئەگەری هێرش زیاترە، دەرمانی خۆپارێزی بخوات.
ئەم ڕێگەیە بۆ ئەو ژنانەی سووڕی مانگانەی ناڕێکیان هەیە دژوارترە، چونکە پێشبینیکردنی کاتی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان و هێرشەکانی میگرێن ئاسان نییە.
حەبەکانی دژە دووگیانیی هۆرمۆنی لەوانەیە لە هەندێک ژندا هێرشەکانی میگرێن کەم بکەنەوە و لە هەندێکی تردا ببنە هۆی زیادبوونی توندی و ژمارەی هێرشەکان.
نووسەری مایندبادیگرین دەڵێت لە کاتی زانکۆدا، هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردنی کیسی هێلکەدان، تووشی میگرێن بوو. ئەو بۆ ڕێکخستنی سووڕی مانگانەی ناڕێکی، دەستی بە خواردنی حەبی دژە دووگیانیی ئیسترۆجیندار کرد، بەڵام دوای نزیکەی یەک هەفتە، هێرشەکانی میگرێنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد.
ئەو هەوڵی دا هۆکارە هاندەرەکانی میگرێن وەک سترێس، دانیشتنی درێژخایەن لە پشت مێز و وەرزشی قورس کەم بکاتەوە، بەڵام باشتر نەبوو و لە کۆتاییدا دوای دوو مانگ، خواردنی حەبەکەی ڕاگرت. توندیی میگرێنەکانی دەستبەجێ دوای وەستاندنی دەرمان گەڕایەوە ئاستی پێشوو.
بە گوتەی خان، حەبەکانی دژە دووگیانی لەوانەیە بە جێگیرکردنی ئاستی هۆرمۆنەکان، ئەو گۆڕانکارییانە کەم بکەنەوە کە لە هەندێک ژندا هاندەری میگرێنن. بۆ نموونە، دابەزینی ئیسترۆجین پێش سووڕی مانگانە یان زیادبوونی ئەم هۆرمۆنە پێش هێلکەدانان لەوانەیە ببێتە هۆی ڕوودانی هێرش.
پسپۆڕان چەند ڕێگەیەکیان بۆ ناسینەوەی هاندەرەکان و بەڕێوەبردنی هێرشەکانی میگرێن پێشنیار کردووە:
– تۆمارکردنی نیشانەکان و سووڕی مانگانە:– نووسینەوەی کاتی هێرشەکان، توندی و ماوەی ئازار، نیشانە هاوڕێکانی و دۆخی سووڕی مانگانە دەتوانێت یارمەتیی ناسینەوەی پەیوەندیی ئەگەریی نێوان گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان و میگرێن بدات.
– خواردنی مەگنیسیۆم: چارڵز دەڵێت لە نێو سووپلێمێنتەکانی میگرێندا، مەگنیسیۆم بە تایبەتی بۆ حاڵەتە پەیوەندیدارەکان بە هۆرمۆنەکانەوە بە کاریگەر دەزانێت. سووپلێمێنتەکانی وەک کۆئەنزیمی کیوتن (CoQ10) و ڕایبۆفلاڤینیش دەنووسرێن.
– خۆپارێزیی کورتخایەن:ئەو ژنانەی هێرشەکانی میگرێنیان لە کاتێکی دیاریکراوی مانگدا ڕوو دەدەن، دەتوانن بە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشک، دەرمانەکانی خۆپارێزی بەکار بهێنن. ئەم چارەسەرە بە گشتی خواردنی دەرمانە لە پێنج بۆ حەوت ڕۆژ پێش سووڕی مانگانە یان هێلکەدانان.
– تاوتوێکردنی ڕێگاکانی دژە دووگیانیی هۆرمۆنی: ئەو ژنانەی سووڕی مانگانەی ناڕێکیان هەیە دەتوانن سەبارەت بە بەکارهێنانی حەبەکانی دژە دووگیانی بۆ ڕێکخستنی ئاستی هۆرمۆنەکان لەگەڵ پزیشک ڕاوێژ بکەن. بەڵام کاردانەوەی کەسان بەرانبەر بەم دەرمانانە جیاوازە و خواردنیان لەوانەیە کاریگەریی جیاوازی لەسەر جەستە هەبێت.

