zagros news agency

منداڵەکەت پێویستی بە چەند کاتژمێر خەو هەیە

لەراستیدا بۆ ئەوەی کە لایەنە باشەکانی خەو و زیانەکانی بێخەویمان بۆ دەرکەوێت پێویستیمان دوور رۆیشتن نییە، هەر ئەوەندەی کە رۆژێک خۆمان تێر خەو نەبین هەست بەو گۆڕانکارییانە دەکەین کە لە رەفتار و تواناکانماندا روو دەدات، ئەگەر بێتوو کەمخەوی یان تێكچوونی بەرنامەی خەو ببێتە خوویەکی رۆژانە؟ گومانی لەسەر نییە کاریگەری نەرێنی و ترسناکی درێژخایەنی دەبێت لەسەر جەستەمان بەگشتی و مێشکمان بەتایبەتی.

جا لەبەرئەوەی کە مێشکی مرۆڤ یەکێکە لەو ئەندامانەی جەستە کە بەشێکی زۆری گەشەسەندنی دەکەوێتە دوای لەدایکبوونەوە و تا نزیکەی تەمەنی ٢٥ ساڵی لە گەشە و بەرەپێشچوون بەردەوام دەبێت، ئەوا مندڵان و هەرزەکاران زۆر زیادتر زەرەرمەند دەبن لە تێكچوونی سیستەمی خەویان بەراورد بە گەورەساڵان. هەربۆیە زۆر گرنگە دایکوباوکان لە هەر تەمەنێکدا بێت ئاگاداری خەوی منداڵەکانیان بن و هەوڵ بدەین یارمەتیی جگەرگۆشەکانیان بدەن تاوەکوو بتوانن سیستەمێکی ڕێکوپێکی خەویان هەبێت. بەڵام لێرەدا پرسیارێک کە دایکوباوکان لەوانەیە زۆر بۆیان درووس بێت ئەوەیە کە ئایا منداڵان لە هەر تەمەنێکدا ڕۆژانە پێویستیان بە چەند کاتژمێر خەوە؟

ئێمە لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە:

– مەلۆتکە (3-0 مانگ): رۆژانە 17-14 کاتژمێر

لێرەدا گرنگە بزانین کە لەو تەمەنەدا هێشتا کاتژمێری ناوەکی لەش، واتە ئەو سیستەمەی کە دەتوانێ کاتەکانی ڕۆژ و شەو بناسێتەوە و بەپێی ئەوە بەرنامەکانی خەو و خۆراک ڕێک بخات، لە لەشی منداڵدا گەشەی نەکردووە. هەربۆیەشە خەوی منداڵ لەو تەمەنەدا پچڕپچڕ، کورت و ناجێگیرە. لە هەر کاتێکی ڕۆژ یان شەودا بێت منداڵ دەکرێ بخەوێ.

– ساوا (11- 4 مانگ): رۆژانە 15 – 12 کاتژمێر

لەو تەمەندا منداڵان زیادتر دەکرێنەوە بەڕووی دەوروبەردا و کۆمەڵایەتی دەبن، هەر بۆیە هەوڵ دەدەن کاتەکنی خەویان لەگەڵ دایکوباب و دەوروبەریان بگونجێنن و بەرەو ئەوە دەڕۆن کە سیستەمی خەویان جێگیر بکەن. بەشێوەیەکی گشتی، منداڵان لەڕۆژێکدا سێجار سەرخەو دەشکێنن، بەڵام لە تەمەنی 6 مانگی بەرەو سەر کەمی دەکەنەوە بۆ دوو جار، کە ئەوانیش زیادتر لە دەمی چێشتەنگاو و دوانیوەڕۆیاندا دەبێت.

– تەمەنی پێگرتن (2-1 ساڵ): رۆژانە 14 -11 کاتژمێر

لەم تەمەنەدا وردەوردە منداڵ خووی سەرخەوشکاندنی نامێنێت و ڕۆژانە کاتێکی زیادتر بەئاگا دەبێ. بەڵام ‌هێشتا گرنگە کە منداڵ ڕۆژانە یەک جار و بۆ ماوەی 3 – 1 کاتژمێر سەرخەو بشکێنێت.

– تەمەنی (6 – 3) ساڵی: ڕۆژانە 13 – 10 کاتژمێر: ئەگەر دایکوباوکان تاوەکوو ئەم تەمەنە ئاگاداری سیسەمی خەوی منداڵەکەیان بووبن، ئەوا هەنگاوێکی گەورەیان بڕیوە و هەلی ئەوەی کە منداڵەکەیان لەدوای ئەم تەمەنەوە تووشی نەخۆشییەکانی خەوتن ببێت کەمە.

– تەمەنی(12 – 7) : رۆژانە 11 – 9

لەم ماوەیەدا خوێندکار دەچێتە قوتابخانە. خەوێکی ڕێک بۆ ڕسکانی تواناکانی و فێربوونی لە قوتابخانە پێویستە. ئەگەر منداڵەکەت ڕۆژانە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەچێتە قوتابخانە، گرنگە کە لایەنی کەم کاتژمێر نۆی شەو چووبێتە سەر جێگە.

– تەمەنی هەرزەکاری ( 12-18): رۆژانە 9-8

لە تەمەنی هەرزەییدا، بەهۆی گۆڕانکارییە جەستەییەکانەوە منداڵان دووچاری فشاری دەروونی زۆر دەبنەوە، ئەوەش دەکرێ کار بکاتە سەر سیستەمی خەویان و تێکی دات. لێرەدا گرنگە دایک و باوکان هاوڕێی منداڵەکانیان بن و لەرووی دەروونییەوە هاوکاریان بکەن تاوەکوو بتوانن رووبەرووی فشارەکان ببنەوە و لە هەرزەکاریشدا ژیان و خەوێکی رێکوپێکیان هەبێ.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە هەولێر .. دووه‌مین كۆنفرانسی زانستی پسپۆڕی پزیشكانی منداڵان به‌رێوه‌چوو

دڵشاد

سوودەکانی شویت بۆ قژ

lana

كه‌ی گورچیله‌ به‌رد دروستده‌كات

lana