سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی زانستەکانی غوددە و میتابۆلیزمی ئێران، باقر لاریجانی، ڕایگەیاند کە نەخۆشیی شەکرە لە گەورەساڵانی ئێران دا ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ١٤%ی هەیە، ئەمەش لە کاتێک دایە کە ٣٠%ی نەخۆشەکان لە تووشبوونی خۆیان بە شەکرە بێ ئاگان. بە گوتەی ئەو، ساڵانە ٥٠٠ هەزار کەسیش بۆ ژمارەی نەخۆشەکانی شەکرە لە ئێران دا زیاد دەبێت.
باقر لاریجانی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی گەڵاڕێزان، لە کۆبوونەوەیەک دا بە ناوی “نوێترینەکانی شەکرە”، زیاتر گوتوویەتی: “بە واتایەکی تر، لە وڵاتەکەمان دا ٧.٥ ملیۆن کەس تووشبووی شەکرەن و ٩ ملیۆن کەسیش لە دۆخی پێش-شەکرە دان.”
بە گوتەی لاریجانی، هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە شەکرە قەڵەوییە لە تەمەنی بەرز دا. کەمیی خۆراکی تەندروست و نزمبوونی ڕێژەی بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە، ماسی و بەکارهێنانی زۆری ڕۆنی ڕەق لە ئێران دا، هەروەها لە هۆکارە کاریگەرەکانی ترن لەسەر دروستبوونی قەڵەویی و شەکرە.
بە گوتەی لاریجانی، ئەمەش لە کاتێک دایە کە لە جیهان دا لە هەر ٩ کەسێک، یەکێکیان تووشبووی شەکرەیە، بەڵام لە ئێران دا ڕێژەکە بەرزترە و ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان ئاگاداری نەخۆشییەکەیان نین، کە ئەمەش مەترسییەکانی زیاتر دەکات.

