zagros news agency

شەپۆلی نەخۆشیی ئەنفڵۆنزا لە ئێران زیاتر لە ١١٠ کەسی کردە قوربانی

 

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران هۆشداریی دایە خەڵک لەبارەی شەپۆلێکی توندی ئەنفلۆنزا لەمساڵدا، کە لە ساڵی ڕابردوو خراپترە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تا ئێستا ١١٥ کەس بەهۆی تووشبوون بەو نەخۆشییەوە گیانیان لە دەست داوە.
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەییی تووشبوون لە هەندێک پارێزگادا، بەڵام لانی کەم ٨ پارێزگای وڵاتەکە لە سەرووی ئاستی ئاگادارکردنەوەدان. بە گوتەی عەلیڕەزا ڕەئیسی، ڕێژەی تووشبوون لە پارێزگاکانی گوڵستان، قەزوین، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان (زاهیدان)، خووزستان (ئەهواز)، تاران، کرماشان و هەمەدان لە دۆخێکی ئاگادارکردنەوەدایە و لە هەندێک پارێزگاشدا چەند هێندەی ئاستی ئاگادارکردنەوەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، حاڵەتەکانی مردن بەهۆی ئەنفلۆنزاوە نزیکەی ١١٠ بۆ ١١٥ کەس بوونە، کە زۆربەیان بەتەمەنەکان و ئەو کەسانە بوونە کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووە.
بەپێی ڕاگەیاندنی قوباد مورادی، سەرۆکی سەنتەری بەڕێوەبردنی نەخۆشییە گواستراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، پشکی تووشبوون بە هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە گەیشتووەتە ١٦ بۆ ١٧ لە سەد، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە لە دۆخی ئاساییدا نزیکەی ٦ لە سەد بووە.
بەپێی ستانداردەکانی جیهانی، تێپەڕاندنی پشکی ئەنفلۆنزا لە ١٠ لە سەد بە واتای چوونە نێو دۆخی ئاگادارکردنەوە دێت، دۆخێک کە ئێستا زۆربەی پارێزگاکانی ئێران تاقیی دەکەنەوە. بە گوتەی مورادی، زیادبوونی ڕەوتی ئەنفلۆنزا لە هەفتەی دووەمی مانگی ئاب (تشرینی یەکەم/تشرینی دووەم) دەستی پێ کردووە و خێرایی و توندیی تووشبوون لە چاو ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.
هۆکاری سەرەکیی شەپۆلی ئەمساڵ وەک ئەنفلۆنزای جۆری A بە سابتایپی H3N2 ناسێنراوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی ئیسنا، یەکێک لە جیاوازییە گرنگەکانی شەپۆلی ئێستا، گۆڕانی شێوازی تەمەنی تووشبووانە. لەم شەپۆلەدا منداڵانی تەمەن ٥ تا ١٤ ساڵان زۆرترین پشکی تووشبوونیان هەیە. هاوکاتبوونی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا لەگەڵ پیسبوونی هەواش، بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی خەواندن لە نەخۆشخانە، بەتایبەتی لە کەسانی بەتەمەن و نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا.
وەزارەتی تەندروستی پێشبینی کردووە لووتکەی شەپۆلی نەخۆشییەکە سێ تا چوار هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت و کەمبوونەوەی ڕێژەییی تووشبوونیش لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئازار دەست پێ بکات.
سەرەڕای ئەوەی کاتی زێڕینی لێدانی ڤاکسینی ئەنفلۆنزا (مانگی ئەیلوول تا تشرینی یەکەم) تێپەڕیوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هێشتا لێدانی ڤاکسین بۆ کەسانی بەتەمەن، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئەو کەسانەی سیستمی بەرگرییان لاوازە، بە پێویست دەزانێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری تاران دەڵێت چڕیی دانیشتوان لە تاران ١٩ ئەوەندەی هەموو ئێرانه

سەڵاح

خه‌لیل خۆشناو بۆ زاگرۆس: ده‌بێت بكه‌رانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرمۆر سزابدرێن

سەڵاح

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشی دهۆک دەکات

سەڵاح