zagros news agency

توێژینەوەیەکی نوێ، ڕۆژووی پچڕپچڕ کێش کەم دەکاتەوە و تەندروستی دڵ دەپارێزێت

 

توێژینەوەیەکی پزیشکیی نوێ کە لە کۆنگرەی ئەوروپی بۆ قەڵەوی لە ئیسپانیا پێشکەش کرا، بازدانێکی نوێی لە زانستی خۆراکدا دروست کرد دوای ئەوەی سەلماندی کە سنووردارکردنی کاتی نانخواردن بۆ تەنیا هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و بەڕۆژووبوون بۆ ماوەی شازدە کاتژمێری تەواو، یەکێکە لە سەرکەوتووترین و جێگیرترین ڕێگاکان بۆ دابەزاندنی کێش بە شێوازێکی تەندروست بەبێ ئەوەی مرۆڤ تووشی بێهێزی یان کەمبوونی ڤیتامينات ببێت. ئەم سیستمە کە لە جیهاندا بە ناوی حەممەی شازدە بە هەشت ناسراوە، نەک هەر کێشی جەستە بە ڕێژەی سێ بۆ چوار کیلۆگرام لە ساڵێکدا کەم دەکاتەوە، بەڵکو چەوری دەوروبەری ناوسک و کەمەریش بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەتوێنێتەوە کە هۆکاری سەرەکین بۆ جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی شەکرە.

​بۆ گەیشتن بەم ئەنجامانە، توێژەرانی زانکۆی غەرناتە لە ئیسپانیا بۆ ماوەی پتر لە ساڵێک چاودێری نەوەد و نۆ کەسیان کرد کە کێشیان زیاد بوو، پاشان بەشداربووانیان دابەشکرد بەسەر چوار گرووپی جیاوازدا کە گرووپی یەکەمیان بە درێژایی دوازدە کاتژمێر یان زیاتر لە ڕۆژدا ئازاد بوون لە نانخواردن، لە کاتێکدا گرووپی دووەم و سێیەم و چوارەم کاتی نانخواردنیان تەنیا بۆ هەشت کاتژمێر کورتکرایەوە جا چ بە شێوازی دەستپێکردنی پێش کاتژمێر دەی بەیانی یان دوای کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ یان بەپێی ئارەزووی خۆیان، لە کاتی تاقیکردنەوەکەشدا ڕێنمایی تایبەت بە سیستمی خۆراکی دەریای ناوەڕاست کە پشت بە سەوزە و ماسی و زەیتی زەیتون دەبەستێت بە سەرجەم بەشداربووان درابوو بۆ ئەوەی جۆری خۆراکەکانیان تەندروست بێت.
​سەبارەت بە میکانیزمی زانستی کارکردنی ئەم سیستمە لەسەر جەستە، گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی نیتشر میدیسن ئاماژەی بەوە کردووە کە سوودەکانی ئەم ڕۆژووە تەنیا بەهۆی کەمخواردنەوە نییە، بەڵکو کاتێک جەستە بۆ ماوەی شازدە کاتژمێر بێ خۆراک دەبێت، ڕێژەی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە خوێندا بە توندی دادەبەزێت و ئەمەش وا لە جەستە دەکات دەست بکات بە سووتاندنی چەورییە کۆگاکراوەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە، هاوکات جەستە دەست دەکات بە پرۆسەی ئۆتۆفاجی یان خۆپاککردنەوە لە خانە پیر و زیان لێکەوتووەکان، ئەمەش پڕۆسەی هەرس و میتابۆلیزم چالاکتر دەکات و ڕێگری دەکات لە سستبوونی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە.
​دوای تێپەڕبوونی دوازدە مانگ بەسەر تاقیکردنەوەکەدا، ئەنجامەکان هێندە سەرنجڕاکێش بوون کە دەرکەوت ئەو گرووپەی بۆ ماوەی دوازدە کاتژمێر یان زیاتر نانیان دەخوارد نەک هەر کێشیان دانەبەزی بەڵکو کێشیان زیادی کرد، لە کاتێکدا ئەو گرووپانەی کاتی نانخواردنیان تەنیا هەشت کاتژمێر بوو توانییان سێ بۆ چوار کیلۆگرام کێش دابەزێنن و چەندین سەنتیمەتر لە چەوری دەوروبەری کەمەریان کەم بکەنەوە و تەندروستی دڵ و لوولەکانی خوێنیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو باشتر بێت.
​لە کۆتاییدا دکتۆر جۆناسان ڕۆیز کە منسقی ئەم دراسەیەیە ڕایگەیاند، کە ئەم جۆرە لە ڕۆژووی پچڕپچڕ بۆ ئەو کەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن و دەیانەوێت پەیڕەوی ڕێگایەکی سادە بکەن زۆر گونجاوە، چونکە لەبری ئەوەی مرۆڤ هەموو ڕۆژێک خەریکی ژماردنی کالۆریی خۆراکەکان بێت و تووشی دڵەڕاوکێ ببێت، تەنیا کاتی نانخواردنەکەی سنووردار دەکات، ئەمەش ڕێگایەکی زۆر ئاسانتر و کەمتر ماندووکەرە لە چاو ڕێگاکانی تر، هەرچەندە پزیشکەکان جەختیش دەکەنەوە کە هێشتا پێویستیان بە ئەنجامدانی توێژینەوەی فراوانتر هەیە لەسەر ئاستی درێژخایەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

خواردنی کیوی چی بەسەر جەستە دەهێنێت؟

lana

چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی غازاتی سك

یاسین

کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە زستان خۆت لە پەتا و هەڵامەت بپارێزە

lana