بەپێی ئامارەکانی گومرگی چین کە ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاوی کردووەتەوە، هاوردەی نەوتی خاوی چین لە عێراقەوە لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا بە ڕێژەی 98% بە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 100 هەزار تۆن، لە بەرامبەردا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا 5% زیادی کردووە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوردەی چین لە ڕووسیاوە (کە گەورەترین دابینکەری نەوتی چینە) لە مانگی تەمووزدا بە ڕێژەی 5% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 9.15 ملیۆن تۆن (نزیکەی 2.16 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، کە ئەمەش بەراورد بە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو 10% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
لە هەمان کاتدا، هاوردەکردن لە سعودییەوە (دووەم گەورەترین دابینکەر) بە ڕێژەی 28.7% کەمبووەتەوە بۆ 5.33 ملیۆن تۆن (نزیکەی 1.25 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، و هاوردەکردن لە ئیماراتیش بە ڕێژەی 14.5% کەمبووەتەوە بۆ 2.43 ملیۆن تۆن (نزیکەی 570 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا).
لە بەرامبەردا، هاوردەکردنی نەوت لە بەڕازیلەوە بە ڕێژەی 31.9% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 4.98 ملیۆن تۆن (نزیکەی 1.17 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، و لە ئیندۆنیزیاشەوە بە ڕێژەی 51.8% زیادی کردووە بۆ 3.15 ملیۆن تۆن (نزیکەی 740 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا).
بەپێی ئامارەکان، هاوردەکردن لە مالیزیاوە (کە ناوەندێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی سزادراوی ئێرانە) بە ڕێژەی 64.3% دابەزیوە بۆ 1.51 ملیۆن تۆن (نزیکەی 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا). هەروەها چین هاوردەکردنی نەوتی عومان لە مانگی تەمووزدا ڕاگرتووە، و هیچ ئامارێکیش بۆ هاوردەکردنی نەوت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڤێنیزوێلا یان ئێران لەو مانگەدا تۆمار نەکراوە.

