ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە و ئەمڕۆش قۆناغی هەشتەمی تیروپشک لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر بە فەرمی دەستیپێکردووە کە تێیدا ١٣ هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازیدا دابەش دەکرێت. وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە حەوت قۆناغی ڕابردوودا ٤٢ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە و بە زیادکردنی قۆناغی هەشتەمیش کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا لە سنووری شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون گەیشتووەتە ٥٥ هەزار فەرمانبەر.
هەروەها ساسان عەونی وردەکاری زیاتری خستەڕوو و باسی لەوە کرد کە کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە نزیکەی ٨٢ هەزار فەرمانبەرن و تەنیا ٢٧ هەزار فەرمانبەر ماونەتەوە کە بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوو و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش زەوییەکانیان بەسەردا دابەش بکرێت. لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری شارەوانی دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تایبەت بە تاپۆکردنی زەوییەکان بە زووترین کات کۆتاییان دێت تاوەکو خاوەن زەوییەکان بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی و بێ کێشە سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وەزیری شارەوانی بە ناوی خۆی و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم فەرمانبەرانەوە سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی و ئەم هەنگاوەی بە کارێکی زۆر گونجاو و باش بۆ خزمەتی فەرمانبەران وەسف کرد و لە هەمان کاتدا دەستخۆشی لە پارێزگار و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە شەونخونی کاریان کردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە زووترین کات لەم پرۆسەیە سوودمەند بن.

