دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق سەرکەوتوو بوو لە ڕادەستکردنەوەی ژنە فەرمانبەرێکی هەڵهاتوو بە ناوی (عەلیا حەسوونی)، کە بە تۆمەتی دزینی نزیکەی 3 ملیار و 779 ملیۆن دینار لە بودجەی تەندروستیی واست داواکراو بوو.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشدا، پاش ئامادەکردنی دۆسیەکە لەلایەن دەستەی دەستپاکی و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)، تۆمەتبارەکە لە لوبنان دەستگیرکرا و ڕادەستی لایەنی عێراقی کرایەوە. ئەمەش بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ، دەسەڵاتی دادوەری و باڵیۆزخانەی عێراق لە بیروت ئەنجامدرا.
راشیگەیاند، قەبارەی پارە دزراوەکە: تۆمەتبارەکە تێوەگلاوە لە دزینی بڕی (2,855,313,401) دینار و لە شوێنێکی تردا بڕی (923,719,423) دینار، کە کۆی گشتیی پارە دزراوەکە دەکاتە 3,779,032,824 دینار لە بودجەی فەرمانگەی تەندروستیی واست.
دادگای تاوانەکانی واست پێشتر بە غیابی حوکمی زیندانیکردنی هەتایی بەسەر عەلیا حەسوونیدا سەپاندبوو بەپێی مادەی 315ی یاسای سزادان، لەگەڵ بڕاردان لەسەر گەڕاندنەوەی گشت پارە دزراوەکە بۆ خزێنەی گشتی و پێدانی مافی قەرەبوو بە فەرمانگە زیانلێکەوتووەکە.

