ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر دۆخی ناوچەکە کۆبوونەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە، کە تیایدا باسیان لە پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و دوایین دۆخی ناوچەیی و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێکرد.
لە دیدارەکەی نێوانیان سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی ئێستا کاریان لەسەر دەکات، ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر غەززە و لوبنان، هەروەها ڕێگریکردنە لە فراوانکردنی شەر و ململانێکان لە ناوچەکە، جگە لەوەی هەموو هەوڵەک دەدەن بۆ گەیشتنی کەرەستەی فریاگوزاری و یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە و لوبنان.
سوودانی باسی لەوەش کرد، عێراق بە هاوکاری هاوبەش و دۆستە نێودەوڵەتییەکانی بەتایبەت وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ هێنانەکایەی ئاگربەست، دەشڵێت: حکوومەتی عێراق چەندین جار هۆشداری داوە لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی شەڕ، کە ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە و بووەتە ئامانجێکی ئاشکرای شەڕانگێزی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
سوودانی ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵەکانی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئاسایشی تەواوی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیری گەلەکەیدایە.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی پێزانینی خۆی بۆ هه ڵوێسته عێراقییەکان دەربڕی لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، جگە لەو هاوکارییە فریاگوزارییانەی بۆ خەڵکی غەززە و لوبنانیان ناردووە.
جەختیشی لەوە کردەوە، سەردانەکەی بۆ عێراق بۆ هەماهەنگی و ڕاوێژکردنە لەسەر دۆخی ناوچەکە و ڕێگریکردنە لە فراوانبوونی شەڕ.

ئا:ج

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەری هەڵگری ڕەئیسی دانووستانی ئەتۆمیی ئێرانی وەستاندووە

سەڵاح

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە

سەڵاح

سبەی پشووی فەرمییە

یاسین