ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراق بە نووسراوێك تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ كردەوە. یاساناشێكیش ئەوە بە پێشێلكردنی یاسا دەزانێت و دەڵێت “دەبێت پەرلەمانی عێراق تەمەنی كۆمسیۆن درێژ بكاتەوە.”
پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، كاتێك تەمەنی پەرلەمانی كوردستان یاسایی بوو، بەهۆی ناڕەزایی چەند حزبێكەوە، ڕێگریی لە درێژكردنەوە یان چالاككردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كرا، بەوەش هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، كە هەر ئەوەش نیازی ئەو حزبانە بوو، بەڵام دواتریش و دوای ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەو حزبانە لەبەر شكستیان لە پڕۆسەكە، دەستیان بە ناڕەزایی و ناشرینكردنی هەڵبژاردنەكە كرد.
ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق، تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ دوو ساڵ درێژ كراوەتەوە، بەڵام ئەو حزبانە لەبەرامبەر بەوە هیچ هەڵوێست و قسەیەكیان نییە، سەرەڕای ئەوەی، كە شارەزایەكی بواری یاسا پێی وایە، ئەوەی لە عێراق كراوە پێشێلكردنی یاساییە.
بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، كە دوێنێ چوارشەممە، 8ی كانوونی دووەمی 2025 دەرچووە، تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تاوەكوو 1ی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 درێژ كراوەتەوە.
بەمپێیەش، كۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە ببات، كە بڕیارە مانگی 6ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
لە نووسراوەكەدا هاتووە “ئەگەر ڕایەکی دیكەی سیاسی هەبوو، کە گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی کۆمسیاراندا بکات، ئەوە لە سنووری دەسەڵاتی پەرلەماندایە هەمواری بکاتەوە.”
ئەمەش لەكاتێكدایە، كە ژمارەیەك فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق، جەختیان لەسەر گۆڕینی یاساكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانكاریی لە كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دەكردەوە، بەڵام بەوپێیە بێت، كۆمسیۆن هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت و تەمەنی بۆ دوو ساڵی دیكە درێژ كراوەتەوە.