ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “لەم دیدارەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەهۆی بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاردانەوەکانی بۆ ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ کران. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و راگرتنی دەستدرێژی و سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان.”
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: “لە کۆبوونەوەکەدا، رەتکردنەوەی عێراق لە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیل و مەترسی بۆ سەر ئاسمانی وڵاتەکەی دووپاتکرایەوە. هەروەها پشتیوانیان لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە یاساییەکان لەبەردەم دەزگا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی، هەروەها هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.:
نووسینگەی سوودانی ئاشکراشی کرد: “هەروەها هەردوولا بە هاوبەشی جەختیان لە گرنگیی یەکگرتوویی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە، هەروەها پاڵپشتی لە هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە ئالنگارییەک کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدات.”

