ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە توێژینەوەیەکی نوێدا سەبارەت بە (هۆکارەکانی دیاردەی کۆچکردنی هاووڵاتییان لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی تر) ئاماژە بەوە دەکات: “چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراق بۆ کۆچکردنی کاتی و هەمیشەیی پاڵ پێوە دەنێن. لە 74%ی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، بەهۆی بارودۆخی خراپی ژیانەوە، بەدوای ژیانێکی باشتر و شایستەدا دەگەڕێن، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە بۆ دەربازبوون لە شەڕ و ناسەقامگیری و گرژییەکان پەنا بۆ کۆچکردن دەبەن.”
بە گوێرەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە: “زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، پاڵنەرە سەرەکییەکانی پەیوەست بە بارودۆخی ژیان، ئاسایش و گەڕان بەدوای هەلی کار، یان خوێندن وەک پاساو و هۆکاری سەرەکیی بۆ کۆچەکەیان هێناوەتەوە، ئەمە جگە لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و هۆکارە ژینگەییەکان کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگاکانیان هەبووە.”
ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەڵێت: “پاڵنەرە سەرەکییەکانی کۆچکردنی عێراقییەکان بریتییە لە خراپیی بارودۆخی ژیان لە وڵاتەکەدا، لەوانە هەژاری، بێکاری، دەست ڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، بە ڕێژەی (74%). هەروەها، دەرئەنجامەکانی شەڕ و بارودۆخی ئەمنی بە ڕێژەی (67%) و گەڕان بەدوای کار بە ڕێژەی (46%). جگە لەوەش، 15%ی بەشداربوان عێراقیان بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان یەک بگرنەوە، یان هاوسەرگیری بکەن، ژمارەیەکی کەمی بەشداربوانیش ڕووداوەکانی پەیوەست بە ژینگە، یان بارودۆخی سەختی کەشوهەوایان وەک هۆکاری کۆچکردن هێناوەتەوە.
هەروەها ڕێژەی 4%ی کۆچبەرە عێراقییەکان، هۆکاری سەرەکیی جێهێشتنی وڵاتەکەیان بە مەبەستی خوێندن بووە.
هاوکات 10%ی بەشداربوان کە داوای پێگەی پەنابەری دەکەن، هۆی کۆچەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ دواکەوتوویی دابونەریت و نزمیی ئاستی ڕۆشنبیری لە عێراق. ڕێژەیەکی هاوشێوەش (9%) ڕووداوە ژینگەییەکانیان وەک هۆکارێک بۆ کۆچکردن هێناوەتەوە.

