هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەنیازە رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بکات، کە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی دەبن، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان و پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شەفەق نیوزی راگەیاند، “سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران، رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان و پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر “دوایین پێشهاتەکانی سلێمانی. هەروەها پرسی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، هەڕەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بەو یاسایە و ئەگەری سەپاندنی سزای توندی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، بە هەمان شێوە تاوتوێ دەکرێت”.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، “لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باس لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرەکانیش دەکرێت سەبارەت بە بەردەوامیی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەمە جگە لەوەی روونکردنەوەی ورد لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو ڕوویەکەوە دەخرێتەڕوو”.

