بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ناسنامه و زانیاری شارستانی، ئەحمەد حەدید ئەلمەعمووری راگەیاند: “ساڵی داهاتوو شاهیدی کاراکردنی بەشی وردبینی ناوەندی دەبین، کە دەبێتە هۆی وردبینیکردنی مامەڵەکان لە هەر 328 بەشی کارتی نیشتمانی، جگە لە 21 بەشی تۆماری ناوەندی و هەشت فەرمانگە لە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات”.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، “تا سەرەتای ساڵی داهاتوو سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکان تەواو دەکرێن، دڵنیابوون لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و کارئاسانیکردن له رێکارەکان بۆ هاووڵاتیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سیستەمی زانیاری شارستانی تا 1ی ئەیلولی ئەمساڵی زیاتر لە 46,241,111 هاووڵاتی تۆمارکردووە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی “منداڵانی تازە لەدایکبوو دەستبەجێ لەکاتی لەدایکبووندا تۆمار دەکرێن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە داتای بایۆمەتری هەبێت، تەنیا وێنەیەکی دەوێت”.
روونیشیکردەوە، “میکانیزمی پێشوو تۆمارکردنی منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵی دواخست، بەڵام سیستمە نوێیەکە رێگە بە تۆمارکردنی هەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو راستەوخۆ دوای لەدایکبوونی دەدات، ئەمەش بەشدارە لە خستنەڕووی سەرجەم هاووڵاتیان لە کارتی نیشتمانیدا”.

