zagros news agency

پەرلەمانتارێک: سەدان ملیۆن دینار بۆ بانگەشەی پێشوەختە خەرج کراوە و سەرچاوەکەی نادیارە

لە کاتێکدا هێشتا بە فەرمی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق دیاری نەکراوە، شەقام و شوێنە گشتییەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بە پۆستەر و وێنەی بەربژێرەکان داپۆشراون. پەرلەمانتارێکیش هۆشداری دەدات لە خەرجکردنی سەدان ملیۆن دینار بۆ ئەم بانگەشە پێشوەختەیە و داوای لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ئەو پارانە دەکات.

باقر ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (29ی ئەیلوولی 2025) ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی پۆستەر و وێنەی بەربژێرانی هەڵبژاردن لە شەقامەکانی بەغدا و ژمارەیەک لە پارێزگاکان، کێشەیەکی یاسایی و زیادەڕۆییەکی ئاشکرایە بۆ سەر موڵکی گشتی و تایبەت. هەروەها داوای ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئەو پارە زەبەلاحانەی کرد کە پێش وادەی فەرمیی بانگەشە خەرج دەکرێن.

ساعدی بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تا ئێستا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی دیاری نەکردووە، کەچی شەقام و پرد و چوارڕێیانەکان پڕ بوون لە لافیتە و وێنەی بەربژێرەکان. گوتیشی: “ئەمە پێشێلکارییەکی یاسایی ڕوون و کێشەیەکی شەرعییە، چونکە زیادەڕۆیی دەکرێتە سەر باخچە، شۆستە، پردەکان و تەنانەت ماڵی هاووڵاتییانیش، جگە لەو زیانانەی بەر ژێرخان دەکەوێت.”

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، لاوازیی سزا داراییەکانی سەر سەرپێچیکاران هۆکار بووە بۆ فراوانبوونی ئەم دیاردەیە. دەشڵێت: “ئەوەی ئەمڕۆ بۆ پۆستەرەکانی بانگەشە خەرج دەکرێت، تەنیا چەند ملیۆنێک نییە، بەڵکوو دەگاتە سەدان ملیۆن دینار و ڕەنگە زیاتریش. ئەمەش لە کۆمسیۆن دەخوازێت لیژنەی تایبەتمەند پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ئەو پارە زەبەلاح و ڕانەگەیەندراوانە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كونسوڵى گشتيى پێشووى ئه‌مه‌ريكا ده‌كات

یاسین

کارکردن لە پڕۆژەی دروست کردن و قیرتاو کردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکی نازماوە بەردەوامە

سەڵاح