zagros news agency

سەدر پێشنیارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی رەت دەکاتەوە و سێ سیناریۆ بۆ هەڵبژاردن دیار دەکات

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار، رایگەیاند کە موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، پێشنیارێکی رەتکردووەتەوە کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ هەڵبژاردن پێیدرابوو.
ئەو سەرچاوەیە بە شەفەق نیوزی راگەیاند: “چوارچێوەی هەماهەنگی چەند رۆژێک لەمەوبەر نێردراوێکی تایبەتی بۆ لای سەدر نارد، کە پێشنیارێکی پێبوو و بریتی بوو لە رەزامەندی چوارچێوەکە لەسەر ئەوەی سەدر کەسایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی داهاتوو دیار بکات، وەک ئەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی روویدا، لە بەرامبەر دەستوەرنەدانی سەدر لە رێڕەوی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام سەدر بەتەواوی پێشنیارەکەی رەتکردەوە و پێداگری لەسەر بژاردە پێشنیارکراوەکانی خۆی کرد.”
بەپێی ئەو سەرچاوەیەی کە نزیکە لە سەرکردەی رەوتی سەدر، “سەدر لە قۆناغی ئێستادا گۆشەگیرتر بووە و بە تەنها بڕیار دەدات، چونکە جگە لە بازنەیەکی زۆر تەسک لە کەسە نزیکەکانی، کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت، کەسی دیکە لە گفتوگۆ سیاسییەکانیدا بەشدار ناکات. تویت و بەیاننامە کۆتاییەکانیشی خوێندنەوەیەکی وریاتر و روونتر بۆ دیمەنی سیاسی عێراق نیشان دەدەن.”
سەرچاوەکە دەڵێت کە سەدر “سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ قۆناغی داهاتوو لەبەردەم خۆیدا داناوە، یەکەمیان دابەزینە سەر شەقام و دووبارە هەڵدانی چادری مانگرتن و بەرزکردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتی جەماوەری، کە بژاردەیەکە هەڕەشە لە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکات.”
بەگوتەی هەمان سەرچاوە، دووەمین سیناریۆ بریتییە لە رازیبوونی مەرجدار بە هەڵبژاردن، لەگەڵ قبووڵکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام جەماوەرەکەی هان دەدات بۆ بایکۆت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن.
ئاماژە بەوە دەکات کە “سەدر، بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، مەرج لەسەر گەرەنتی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ دادەنێت بۆ دانپێدانەنانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لە حاڵەتێکدا کە رێژەی بەشداری کەم بێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەشداریکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە یاسایی و نێودەوڵەتی قەدەغەکراون. ئەمەش رەنگە دەرگا بکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فریاگوزاری کە دوور بێت لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، کە لە ئێستادا پشتگیری ئەمریکی و ئێرانی نییە، لەگەڵ ئەگەری دەرکەوتنی کەسایەتییەکی جێگرەوە لەسەر شێوازی مستەفا کازمی، تەنانەت گەڕانەوەی کازمی بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغی کاتی.”
سێیەمین بژاردەی سەدر، بریتییە لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان، و مەرج دانان لەسەر پێشهاتە چاوەڕواننەکراو و گەورەکانی ناوچەکە کە رەنگە حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی ناچار بکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

کارەکانی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر راگیران

یاسین

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

کۆمپانیای ئەپل وەشانی IOS 26.1 بڵاو دەکاتەوە

یاسین