هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریانداوە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆببنەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی “چەکداماڵینی گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران”.
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزیر مارکۆ ڕوبیۆ بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە، پێویستە خێرا بکرێت لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران لە وڵاتەکەدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، “هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی خۆیان ساز دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ سوودانی داوای کردبوو، هاوکات گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنی چوارچێوە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەپێی خشتەی کشانەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراو.”
بەپێی هەمان سەرچاوە، کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر “دۆسیەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە و دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر، و هاوبەشی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکە، و هاوبەشی ئەمنی و بەڵێننامەی پابەندکەر بۆ جێبەجێکردن و پیادەکردنی ڕێککەوتنە مۆرکراوەکان، بەبێ هیچ فشارێک یان شێواندنی بارودۆخی گشتی وڵاتەکە” دەکات.

