لێکۆڵینەوە لە ڕێژەی بەشداریی دەنگدان لە عێراق لە ماوەی چوار دەیەدا (1980-2021) گۆڕانکارییەکی بەرچاو نیشان دەدات، ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنیی عێراقن لە قۆناغە جیاوازەکاندا.
بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و رێژەی بەشداریکردن بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبێت، قۆناغی پێش سەدام حسێن و قۆناغی پاش سەدام.
قۆناغی پێش ڕووخانی ڕژێم (1980-2000)، سەردەمی بەشداریی بەرز و بەزۆر و دەسەڵاتی تاکڕەویی
ساڵانی 1980 و 1984 و 1989، ئەم ساڵانە بەرزترین ڕێژەی بەشدارییان تۆمار کردووە (80%، 85%، 94%). ئەم بەشدارییە بەرچاوە لەژێر سایەی ڕژێمی بەعسدا بوو، کە سیستەمێکی تاکڕەوانەی هەبوو.
هەڵبژاردنەکان وەک هۆکارێک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵات بەڕێوە دەچوون.
زۆر جار بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا ئارەزوومەندانە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ترس لە سزادان یان فشاری حکوومەتەوە بوو. هاووڵاتییان دەبوو بەشداری بکەن بۆ ئەوەی وەک دڵسۆز بۆ ڕژێمەکەی سەدام حسێن دەربکەون.
ساڵی 1996: ڕێژەی بەشداری کەمێک دابەزی بۆ 93.5%، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو. ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە میکانیزمەکانی کۆنترۆڵی ڕژێمی بەعس هێشتا بەهێز بوون.
ساڵی 2000، ڕێژەی بەشداری بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی بۆ 66%. ئەم دابەزینە نیشانەی سەرەتایی بێزاری خەڵک بێت لە سیستەمی سیاسی و ئابووری وڵات.
قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن (2005 – 2021): سەردەمی هیوا و نائومێدی دیموکراسی
لە کانونی دووەمی 2005 (کۆمەڵەی نیشتمانی) هەڵبژێردرا، ڕێژەی بەشداری نزیکەی 58.3% بوو. ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ڕاستەقینە بوو دوای ڕووخانی سەدام حسێن، سەرەڕای بەرزبوونەوەی هیواکان بۆ دیموکراسی، ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و بایکۆتی هەندێک پێکهاتەی سەرەکی (بە تایبەتی سوننەکان) کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی بەشداری هەبوو.
کانوونی یەکەمی 2005 (ئەنجوومەنی نوێنەران) هەڵبژێردرا و ڕێژەی بەشداری بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 79.6%. ئەم بەرزبوونەوەیە دەکرێت بەهۆی زیادبوونی هۆشیاری هاووڵاتییان لە گرنگی هەڵبژاردنەکان و تێکەڵبوونی پێکهاتە بایکۆتکارەکان بێت لە پرۆسەکەدا.
ساڵی 2010 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا، ڕێژەی بەشداری دابەزی بۆ نزیکەی 62%. ئەم دابەزینە لەوانەیە نیشانەی سەرەتایی بێزاری بێت لە کارکردنی حکوومەت و زیادبوونی گەندەڵی، لەگەڵ بەردەوامبوونی کێشە ئەمنییەکان.
ساڵی 2014، ڕێژەی بەشداری کەمێک زیاتر دابەزی بۆ 60%. ئەم هەڵبژاردنە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی گرووپی “داعش” و داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق.
ساڵی 2018، ڕێژەی بەشداری بە شێوەیەکی دراماتیکی دابەزی بۆ 44%. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی نائومێدییەکی گشتی بوو لە گەشەی سیاسی، گەندەڵی بەرفراوان، خزمەتگوزارییە خراپەکان، و پەرە نەسەندن لە ئاستی ژیان.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەو کاتەدا گەیشتبووە لوتکە و بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەکارهێنرا.
ساڵی 2021، ڕێژەی بەشداری لە نێوان 41% بۆ 43% بوو. ئەمە نزمترین ڕێژەی بەشدارییە لە مێژووی نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا و دووپاتی دابەزینی متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی و حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەکاتەوە.
هۆکاری بەشداری نەکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا
بارودۆخی ئەمنی، هەڕەشە تیرۆریستییەکان، شەڕی ناوخۆ، و ئاڵۆزییە ئەمنییەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر توانای هاووڵاتییان بۆ دەنگدان و ئارەزوویان بۆ بەشداری هەبووە.
متمانە بە پرۆسەی سیاسی، لە قۆناغی پێش ڕووخان، بەشداری بەزۆر بوو، بەڵام دوای 2003، دابەزینی بەشداری ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی متمانە بە سیستەمی سیاسی، بەو پێیەی دەنگدەران هەست ناکەن دەنگەکانیان گۆڕانکاری دروست دەکات.
گەندەڵی و خزمەتگوزارییەکان، گەندەڵی بەرفراوان، بێکاری، و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ بێزاری خەڵک و دوورکەوتنەوەیان لە سندوقەکانی دەنگدان.
بایکۆت و ناڕەزایەتی، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان وەک فۆرمێک لە ناڕەزایەتی جەماوەری دژی گەندەڵی و سیستەمی سیاسی کارا بووە.
ڕێژەی بەشداری دەنگدان لە عێراق چیرۆکی گۆڕانی وڵاتێک دەگێڕێتەوە، لە دەسەڵاتی تاکڕەوانە و بەشداریی بەزۆرەوە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی کە ڕووبەڕووی قەیرانی متمانە و نائومێدی بووەتەوە. بۆ زیندووکردنەوەی دیموکراسی و بەشداری هاوڵاتیان، پێویستە چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی و ئابووریدا ئەنجام بدرێت، گەندەڵی بنبڕ بکرێت، و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرێن، تاوەکو هاوڵاتیان هەست بکەن کە دەنگەکانیان کاریگەری هەیە لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتردا.

