وەزارەتی نەوتی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنقەرە راگەیاند سەبارەت بە ڕێککەوتنی بۆریی عێراق – تورکیا.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە: “دوێنێ دووشەممە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی رێگەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە.”
کۆبوونەوەکە گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لەخۆگرت سەبارەت بە پڕۆژە یاسای پێشنیارکراوی رێککەوتنەکە و رێڕەوەکانی پەرەپێدانی هاوکاری لە پڕۆژەکانی کەرتی وزەدا لە هەموو بوارە جیاوازەکانیدا لەنێوان هەردوو لادا.
هەردوو لایەن جەختیان لەوە کردەوە کە کەشی گفتوگۆکان ئەرێنی بووە و ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە گەیشتوونەتە سەری، هەنگاوێکی گرنگن بەرەو داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێ کە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات و بەردەوامی پڕۆسەکانی گواستنەوە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان مسۆگەر دەکات.
شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی باسیم محەمەد خوزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، بوو، لەکاتێکدا شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد بەڕات چۆنکار، بریکاری وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکان بوو.
لە شاندی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور، جگە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی توێژینەوە و پلاندانان و بەدواداچوون و چاودێری ناوخۆ و یاسایی و ئابووری لە ناوەندی وەزارەتەکە ئامادە بوون.
شایەنی باسە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی/ سێپتەمبەری ڕابردوودا دەستیپێکردەوە، دوای وەستانێکی دوو ساڵ و نیو.

