وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٣٤ هەزار کرێکاری بیانی سەرپێچیکار لە وڵات دوورخراونەتەوە و لەو ماوەیەدا لە ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٠ هەزار و لە ٢٠٢٥ زیاتر لە ١٤ هەزار کرێکار بەهۆی نایاسایی بوونیانەوە دیپۆرت کراونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: پشکنێرەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ شوێنەکانی کار و هەر خاوەنکارێک کرێکاری بیانیی نایاسایی حەشار بدات، رێکاری یاسایی و سزای دارایی دەیگرێتەوە.
راشیگەیاند: ئامانجی وەزارەتەکە پشتیوانیکردنە لە کرێکاری عێراقی بە جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەت کە خاوەنکاران ناچار دەکات رێژەی ٨٠%ـی کرێکارەکانیان عێراقی بن لە بەرامبەر ٢٠%ـی بیانی بن.
ئاشکراشی کرد: ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی بە شێوەی فەرمی هاتوونەتە عێراق و مۆڵەتی کاریان هەیە گەیشتووەتە ٤٤ هەزار کەس.

