هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆدا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پاڵپشتیی خۆی بۆ محەمەد شیاع سوودانی وەک کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو کردەوە.
هاوپەیمانییەکه لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێستا و دیالۆگەکانی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکان کراوە و پابەندبوونیان بە کاتە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو دووپاتکردەوە.”
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر “گرنگیی هەڵبژاردنی بەرنامەیەکی سیاسی، ئابووری و ئەمنی کە بتوانێت رووبەڕووی ئەو ئاستەنگە گەورانە ببێتەوە کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، بەشێوەیەک لەگەڵ داواکارییەکانی گەل بۆ ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی یەکبگرێتەوە.”
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان روونیکردەوە کە “جەختکردنەوەیان لەسەر سوودانی لەسەر بنەمای ئەزموونی سەرکەوتووی پێشوویەتی لە سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، جگە لەوەی کە هاوپەیمانییەکه گەورەترین کوتلەیە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی و زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری هەیە.”

