ئەسیر داود غریری، وەزیری بازرگانی عێراق، ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، توانیویانە زیاتر لە چوار ملیۆن ناوی وەهمی و دووبارە لە دۆسیەی کارتی بەشەخۆراکدا ئاشکرا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـ12-2025، غەریری لە وتارێکدا لە میانی چالاکییەکانی “هەفتەی نیشتمانیی دەستپاکی” ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی پاکسازییەکە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە، بەجۆرێک کە چوار ملیۆن و 400 هەزار ناوی جیاواز دۆزراونەتەوە کە پێکهاتوون لە ناوی وەهمی، دووبارە و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ڕوونیشیکردەوە، ئەم ناوانە ماوەی 25 ساڵە لەلایەن بریکارەکانی خۆراک، خێزانەکان، یان فەرمانبەرانەوە پەردەپۆش کراون و ئاگادارییان نەکردوونەتەوە.
وەزیری بازرگانی گوتیشی: “بەمزووانە گۆڕانکارییەکی ئەلیکترۆنی گەورە و خزمەتگوزاریی نوێ ڕادەگەیەنین کە پێشتر نەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی ڕۆتین و دواخستنی مامەڵەکان.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، غریری دووپاتی کردەوە، کە وەزارەتی بازرگانی هەر بە تەنیا بەرپرسیار نییە لە دۆسیەی بەشەخۆراک، بەڵکو ڕۆڵی کارای هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی خۆراک، کۆنترۆڵکردنی نرخ لە بازاڕەکان و ڕێگری لە دەستوەردانی قۆرخکاران.
وەزیری بازرگانی داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە ببنە بەشێک لە سیستەمی دەستپاکی و هەر حاڵەتێکی گەندەڵی یان دەستدرێژی بۆ سەر سامانی گشتییان بینی، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، وەک بەشێک لە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی
هەواڵی داهاتوو

