ناوی محەمەد حەلبووسی بۆ پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دێتەوە ناو ناوان، بەڵام ئەمجارە بە زنجیرەیەک ئاماژەی نەرێنی لەلایەن زۆربەی یاریزانە سیاسییەکانەوە. لە کاتێکدا حەلبووسی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکەی پێشووی، وەک بڵێی ڕەتی دەکاتەوە دان بەوەدا بنێت کە هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە و وێنەی ئەو لە لای نەیار و هاوپەیمانەکانی وەک پێشتر نەماوە.
پێگەى (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە: دواهەمین ئاماژە لە ناو خودی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە هاتووە بۆ چەسپاندنی شتێک هاوشێوەی “ڤیتۆیەکی ڕاگەیەندراو” لەسەر گەڕانەوەی بۆ کورسیی سەرۆکایەتی. ئەمەش دەرگای بە ڕووی پرسیارەکاندا کردەوە سەبارەت بە مانای سووربوونی سیاسیی ئەو و سنووری توانای هەر کەسایەتییەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو ساتەوەختەی کە لایەنەکان لەسەری کۆکن کە ئەوەی ڕابردوو بەس بێت.
سەڵاح بووشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە لێدوانێکدا بۆ (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاندووە: “چوارچێوە نایەوێت سەرۆکی پێشووی پەرلەمان محەمەد حەلبووسی بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەر کەسایەتییەکی تریش کە ماڵی سوننە کاندیدی بکات قبوڵ کراوە، جگە لە ئەو.”
بووشی ڕوونی کردەوە کە دیدگا سیاسییەکان ڕوونن و ئارەزووی گەڕانەوەی حەلبووسی ناکەن و کەسایەتییەکی جێگرەوە پێشنیار دەکرێت.
بەو دەربڕینانە، سنووری ئەو مەودایەی دیاری کرد کە لەبەردەم ماڵی سوننەدایە: دەرگاکە بە ڕووی ناوەکاندا کراوەیە، تەنیا حەلبووسی نەبێ.
ئەمەش ڕەنگدانەوەی کۆبوونەوەی کێشە سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردووە. چوارچێوە کە پێشتر وەک شەريكێکی بەهێزی سوننە مامەڵەی لەگەڵ حەلبووسی بەش دەکرد، ئەمڕۆ لەبەردەم هاوکێشەی جیاوازدایە؛ بەشێکی پەیوەندی بەو ناکۆکییانەوە هەیە کە هاوکاتی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بوون و بەشێکی تریش پەیوەستە بە هاوسەنگییەکانی ناو ماڵی شیعە و پێویستیی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سوننەکانی تر کە بەدوای هەلی سەرکەوتندا دەگەڕێن.
لە بەرامبەردا، حەلبووسی وەک ئەوەی هێشتا دەرگای گەڕانەوە کراوە بێت جووڵە دەکات، پشت بە پێگەی پێشووی لە شەقامی سوننە و یادەوەریی خولێکی پەرلەمانی دەبەستێت کە تێیدا خۆی وەک “سەرۆکێکی بەهێز” نیشان دا. ئەم سووربوونە لەسەر گەڕانەوە، سەرەڕای ئاماژە نەرێنییەکان، دووفاقیی کەسایەتی ئەو لە گۆڕەپانی عێراقدا دەچەسپێنێت: سیاسییەک کە لە بەڕێوەبردنی کات و دانوستاندا کارامەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەستیارییەکی زۆر لای نەیارەکانی و تەنانەت هەندێک لە هاوبەشەکانی پێشووی دروست دەکات، تا ئەو ئاستەی ناوەکەی “بارێکی سیاسی” هەڵگرتووە کە زۆرێک ناتوانن لەم قۆناغەدا بەرگەی بگرن. لێرەدا ڕەتکردنەوەی شیعە کە سەڵاح بوشی دەری بڕیوە، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ساردیی بەشێک لە نوخبەی سوننە کە پێیان وایە سووربوون لەسەر گەڕانەوەی ئەو، دەرگا لەبەردەم سەرکردایەتی نوێ و دەموچاوی نوێ دادەخات.

