zagros news agency

سوودانی چەند گۆڕانکارییەک له وەزارەتەکاندا دەکات

بەڵگەیەکی فەرمی کە بە فەرمانی دیوانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچووە، ئاشکرای کرد کە ڕاسپاردەیەکی نوێ لە حکومەتی فیدراڵیدا کراوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی گرتووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەی کە بڕیارە بە فەرمانی دواتر تەواو بکرێن.
بەپێی ئەو بەڵگەیەی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی واژۆ کراوە، ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیری، ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە وەکالەت، لەبری عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ، کە لە ماوەی ڕابردوودا کاروباری ئەو وەزارەتەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرد.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەکانی تر بە ئاژانسی شەفەق نیوزیان ڕاگەیاندووە کە گۆڕانکاریی زیاتر پۆستە وەکالەتەکانی گرتووەتەوە؛ بە جۆرێک کۆتایی بە ئەرکەکانی ئەحمەد ئەسەدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هێنراوە و ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی پەروەردە بە وەکالەت.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆتایی بە ڕاسپاردنی تەیف سامی، وەزیری دارایی هێنراوە لە ئەرکە زیادەکانی لە وەزارەتی گواستنەوە، و ئاماژەیان بەوەش کردووە کە فەرمانە کارگێڕییەکانی دیکە یەک لە دوای یەک بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێکارانە دەردەچن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، حەوت وەزیر لە حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستا، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوێندی دەستوورییان خوارد، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی دووەمی ساڵی ۲۰۲۵دا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
ئەو وەزیرانەی دوای سوێندخواردن بوون بە ئەندامی پەرلەمان بریتین لە:
• ڕەزاق محێبس (وەزیری گواستنەوە)
• زیاد عەلی (وەزیری کارەبا)
• عەباس جەبر (وەزیری کشتوکاڵ)
• محەمەد تەمیم (وەزیری پلاندانان)
• نەعیم عەبوودی (وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی)
• هیام یاسری (وەزیری پەیوەندییەکان)
• ئیبراهیم حەمەد نامس (وەزیری پەروەردە)
سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر، وەزیرانی دیکەی ڕاسپاردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانیان بە وەکالەت تا ئەو کاتەی حکومەتی داهاتووی عێراق پێکدەهێنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

حکومەتی هەرێم هەشت پرۆژەی جیاواز لە قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکات

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز ئه‌بوو كاروان ده‌كات

یاسین

فەرماندەیەکی پلەبەرزی ئێرانی لە سووریا کوژرا

سەڵاح