وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێشوازی لەو گفتوگۆیانە دەکات کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچن، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا وەسف کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا دەکەن، چونکە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی گفتوگۆ.”
لە راگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە، “عێراق پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژی و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا دووپات دەکاتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای باوەڕی بە گرنگی پەیڕەوکردنی گفتوگۆ و دیپلۆماسی وەک رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.”
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەڵتەنەتی عوممان دەربڕی، بەهۆی میوانداریکردن و ئاسانکاریکردنی گفتوگۆکان، کە وەک پشتگیریکاری سەقامگیری وەسفی کرد.

