ئەنجومەنی سیاسیی سوننە ئەمڕۆ وەڵامی هەڕەشەکانی “کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی” دایەوە کە ئاراستەی ئەفسەر و کارمەندانی سوننە و کوردی ناو دەزگای هەواڵگریی عێراقی کردبوو.
ئەنجومەنەکە کە هێزە سیاسییە بەشداربووەکانی ناو حکومەت و پەرلەمان لەخۆدەگرێت، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “ئەم هەڕەشە و سوکایەتییانە تیرۆرێکی ئاشکرایە دژی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، و دووپاتکردنەوەی ڕێچکەیەکی مەترسیدارە کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان دەدات.”
گرنگترین خاڵەکانی بەیاننامەکە:
ئەنجومەنەکە داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و دادگا تایبەتەکان کرد هەڵوێستێکی توندیان بەرامبەر ئەم “گرووپە چەکدارە یاساشکێنانە” هەبێت و یاسای دژە تیرۆریان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
ئاماژە بەوە کرا کە ئەم گرووپانە بوونەتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی ناوخۆ، بەتایبەت دوای بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنی و دیپلۆماسییەکان لە بەغداد، پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاست، و هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنەکە سەرسوڕمانی خۆی نیشان دا لە بەردەوامیی نەمانی نوێنەرایەتیی پێکهاتەی سوننە لە بەڕێوەبردنی دەزگا ئەمنییەکان بۆ چەندین ساڵ، کە بووەتە هۆی بێبەشبوونیان لە کۆبوونەوە سەربازی و ئەمنییە باڵاکانی ئەم دواییەی دەوڵەت (لە ڕۆژانی ٤، ١٧، ١٩، ٢٠ و ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٦).
بەیاننامەکە جەختی کردەوە کە دوورخستنەوەی هاوبەشە سەرەکییەکان لە بڕیارە ئەمنییەکاندا، پێشێلکردنی بنەمای “شەراکەتی نیشتمانییە” کە لە دەستووردا چەسپێنراوە.
هەواڵی داهاتوو

