zagros news agency

‎حکومەتی عێراق ناڕەزایەتییەکی توند ئاراستەی ئەمریکا دەکات و پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەبات

‎​

‎حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە بەغداد بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی پێدا، ئەمەش دوای کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی سوپای عێراق لە ئەنجامی بۆردومانکردنی بنکەیەکی تەندروستی سەربازی لە حەبانییە.

‎​
‎سەباح نعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “دەستدرێژییە ئیدانەکراوەکان بۆ سەر یەکە سەربازییەکانمان بەردەوامە، دوایینیشیان ئەو هێرشە ناڕەوایە بوو کە بەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر بنکەی تەندروستی حەبانییە سەر بە وەزارەتی بەرگری، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کارمەند و برینداربوونی چەندین کارمەندی دیکەی سوپای عێراق.”

‎گوتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە. حکومەت و هێزە چەکدارەکان مافی وەڵامدانەوەیان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان هەیە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتیشی: “ئەمە تاوانێکی تەواوە و پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە.”
‎​هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیران ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی کردووە بۆ بانگهێشتکردنی هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ڕادەستکردنی یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی کە جەخت لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە.
‎​

‎بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی سەر بنکەی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار،7 سەرباز کوژران و و 13ی دیکەش بریندار بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا هێرشێکی دیکە کرابووە سەر حەشدی شەعبی و ببووە هۆی کوژرانی 15 کەس و برینداربوونی 14ی دیکە.
‎​
‎ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بڕیاریداوە سکاڵای فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات، وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی مافی عێراق لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە. هاوکات وەزارەتی دەرەوە ڕاسپێردراوە کە یاداشتی ناڕەزایەتی فەرمی بداتە باڵیۆزانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لەبەرامبەر بۆردومانکردنی شوێنە سەربازی و مەدەنییەکان لە ناو خاکی عێراقدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق ساڵانە بە بەهای 67 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە دەکات

سەڵاح

فەرماندەیەكی هێزی ئاسمانیی عێراق لەسەر دۆسیەی خستنە خوارەوەی درۆنێكی توركی لە كەركووك دەستگیر كرا

یاسین

حکومەتی عێراق: هیچ باجێکی نوێمان نەسەپاندووە

سەڵاح