بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی گۆڤاری (CEO World)ی ئەمەریکی، عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە بەدەست پاشاگەردانیی بەكارهێنانی چەک و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژییەوە دەناڵێنن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، عێراق لە پلەی ٢٧ەمینی جیهاندایە لەنێوان ئەو ٤٠ وڵاتەی کە بەرزترین ئاستی گیانلەدەستدانیان بەهۆی “چەک”ەوە تێدا تۆمار کراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە تێکڕای گیانلەدەستدانی ساڵانە بەهۆی توندوتیژیی چەکدارییەوە لە عێراقدا گەیشتووەتە ١٠.٦ حاڵەت بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس. ئەم ئامارە نیشانەی شکستی دامەزراوە ئەمنییەکانە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەپاندنی شکۆی دەوڵەت، بە جۆرێک، عێراقی خستووەتە ڕیزبەندی وڵاتانی وەک ئەفغانستان، یەمەن و جامایکا.
یەکێک لە خاڵە هەرە جێسەرنجەکان لەم ڕیزبەندییەدا ئەوەیە کە عێراق لە ڕووی مەترسیی چەکەوە پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەوتووە کە لە کۆتایی لیستەکە و لە پلەی ٤٠ەمیندایە. ئەمە دەریدەخات کە چەکی نایاسایی لە عێراقدا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری، ئەمە وای کردووە عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا بێت کە “لوولەی تفەنگ” تێیاندا قسەی یەکەم دەکات.
ئەم ئامارە بەرزەی کوشتن لە عێراق، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەبات کە ئەویش بریتییە لە دیاردەی میلیشیاگەری و باڵادەستیی گرووپە چەکدارەکان لەسەرووی یاساوە. میلیشیاکان وەک “دەوڵەتێکی قووڵ” ڕەفتار دەکەن و دامەزراوە فەرمییەکانیان بێڕۆڵ کردووە. هاوکات، چەکی عەشایەری کە لە ململانێ خێڵەکییەکاندا بەکار دێت، عێراقی کردووەتە گۆڕەپانی جەنگێکی بەردەوام، کە تێیدا یاسا هیچ توانایەکی نییە بۆ ڕێگریکردن لێیان.
پێشکەوتنی عێراق لەم لیستە نێودەوڵەتییەدا، گەورەترین بەڵگەیە بۆ لاوازیی یاسا و بێدەسەڵاتیی حکوومەت لە بەرامبەر گرووپە یاساشکێنەکاندا. کاتێک چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا نەبێت، ئەنجامەکەی دەبێتە ئەم ئامارە ترسناکانە کە عێراقیان کردووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکان بۆ ژیان. ئەم ڕاپۆرتە دەیسەلمێنێت کە یاسا لە عێراقدا بارمتەی چەکە و حکوومەت تەنیا وەک تەماشاکەرێک ماوەتەوە، فیشەک و چەکی بێسەروبەر لە عێراقدا حاکمی ڕەهان.

