لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تا ئێستا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە فەرمییەکانی وەک وەزارەتی تەندروستی یان مانگی سووری ئێران، هیچ ئامارێکی وردیان لەسەر زیانە گیانییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.
بەڵام فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور کە لە ئێرانیش کار دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە (١٣ـی خاکەلێوە) لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە ئێران کوژراون و لانی کەم ٢١ هەزار کەسیش بریندار بوون. هەروەها هاتووە کە بەشێکی زۆری خێزانەکان ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەپێی خەمڵاندنەکان “لە سەدا سێ”ـی دانیشتووانی ٩٢ ملیۆنیی ئێران (نزیکەی ٢.٧ ملیۆن کەس) ئاوارە بوون.
لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هرانا” ڕۆژی ١٦ـی خاکەلێوە بڵاوی کردەوە کە دوای تێپەڕبوونی ٣٦ ڕۆژ بەسەر جەنگەکەدا، ١٦١٦ هاووڵاتیی مەدەنی (کە لانی کەم ٢٤٤ـیان منداڵن) کوژراون، ژمارەی کوژراوە سەربازییەکانیش بە ١٢١٣ کەس دەخەمڵێنرێت. (بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و کۆتوبەندەکانەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی ناتوانن بە تەواوی پشتڕاستی ئەم ئامارانە بکەنەوە).
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٨ کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە کە زۆرینەیان برینەکانیان سووکە. بە گشتی لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٨٠٠ کەس لە سەرباز و مەدەنی لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەریان وەرگرتووە.

