سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ پەردەی لەسەر هۆکارەکانی پشت بڕیاری بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی “تێلەگرام” لادا و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە.
بەپێی لێدوانێکی سەرچاوە حکومەییەکە بۆ شەفەق نیوز، حکومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بڕیاری ڕاگرتنی تێلەگرامی داوە، چونکە ئەم ئەپڵیکەیشنە وەک سەکۆیەکی سەرەکی لەلایەن هەندێک لە گروپە چەکدارەکان بۆ پەیوەندیکردن و هەماهەنگی بەکاردەهێنرێت.
ئاشکراشی کرد: ڕاگرتنی تێلەگرام بەشێکە لە ڕێکارە حکومەییەکان بۆ سنووردارکردنی هێرشە درۆنییەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە وڵاتدا.
راشیگەیاند: سەرەڕای ئەوەی لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە تێلەگرام لە عێراق ڕاگیراوە، بەڵام کەناڵەکانی سەر بە گروپە چەکدارەکان هێشتا لە ڕێگەی بەکارهێنانی “(VPN)”ـەوە بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانیان.
لاپەڕەی “تەکنەلۆژیا بۆ ئاشتی” ئاماژەی بەوە کردووە کە تێلەگرام تەنها لە سنووری حکومەتی فیدراڵیدا بلۆک کراوە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ گرفتێک کار دەکات.
هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف، کەرکوک و دیالە ڕایانگەیاندووە کە ئەپڵیکەیشنەکە بە تەواوی لای ئەوان وەستاوە، لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی پەیوەندییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

