دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پرۆژەیاسایەکی فراوانی پەسەندکراوی کۆنگرێسی واژۆ کرد کە پاکێجێکی نوێ و توندی سزاکان بەسەر بەرپرسانی ڕووسیا و سێکتەرە سەرەکییەکانی ئابووریی ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سزادان و خستنەژێر گوشاری زیاتری مۆسکۆ بەهۆی له جەنگ لە دژی ئۆکراینا بهردهوامه.
پڕۆژەیاساکە، کە زیاتر لە ساڵێک کاری لەسەر کراوە، لە هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی هەردوو پارت پەسەند کرا؛ لە ئەنجومەنی پیران بە دەنگی (٨٦ بەڵێ بەرامبەر ١١ نەخێر) و لە ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی (٢٦٢ بەڵێ بەرامبەر ١٥٩ نەخێر).
بڕینی شادەماری ئابووریی جەنگ
ئامانج لەم یاسایە بێبەشکردنی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیایە لەو سەرچاوە داراییانەی کە مۆسکۆ بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکەی پێویستی پێیانە. سزاکان بەرپرسانی باڵای ڕووسیا، کەرتی بانکی، و ئەو کەشتیگەلە نەوتییە نەناسراوە دەگرێتەوە کە بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنی وزەی ڕووسیا بەکاردەهێنرێن.
هاوکات یاساکە دەسەڵات دەداتە سەرۆک ترامپ کە تاوەکو ڕێژەی ١٠٠٪ باجی گومرگی بەسەر پێنج گەورەترین هاوردەکاری نەوت و گازی سروشتیی ڕووسیادا بسەپێنێت، بە دەربازکردنی ئەو وڵاتانەی کە کەمتر لە ١٥٪ی گازی ڕووسیا هاوردە دەکەن و هەنگاوی کردەییان ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هاوردەیە. هەروەها وەک مەرجێکی کۆشکی سپی بۆ واژۆکردنی یاساکە، درێژکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ خرایە نێو بڕگەکانیەوە.
میراتی کۆچکردوو لیندسی گراهام
ئەم یاسایە بە یەکێک لە میراتە سەرەکییەکانی سیناتۆری کۆچکردووی کۆمارییەکان، لیندسی گراهام دادەنرێت، کە لەگەڵ سیناتۆری دیموکرات ڕیچارد بلۆمێنتال ڕەشنووسەکەیان ئامادە کردبوو. گراهام، کە لە مانگی تەمووزدا کۆچی دوایی کرد، زیاتر لە ساڵێک بوو هەوڵی بۆ داڕشتن و تێپەڕاندنی دەدا.
دارلین گراهام، خوشکی لیندسی گراهام کە وەک شوێنگرەوەی ئەو لە ئەنجومەنی پیران دەستنیشان کراوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی:
«خۆزگە لیندسی لێرە دەبوو بۆ بەشداریکردن لەم ڕۆژە مێژووییەدا. ئەو بڕوای وابوو ئەم یاسایە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕێگەی گەمارۆدانی ئابووریی پوتین و ناچارکردنی کڕیارەکانی نەوتی ڕووسیا بە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ مۆسکۆ.»
لەلایەکی ترەوە، سیناتۆر ڕیچارد بلۆمێنتال لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: «پوتین تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات، ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە پێویستە بە ڕوونی و بێ دوودڵی نیشانی بدەین.»
ڕەخنە و نیگەرانییەکان
سەرەڕای پشتگیرییە بەرفراوانەکە لە کۆنگرێس، یاساکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی بەشێک لە یاسادانەرانی دیموکرات بووەوە بەهۆی نیگەرانی لەوەی کە ترامپ دەسەڵاتە فراوانکراوەکانی تایبەت بە سەپاندنی باجی گومرگی بەکاربهێنێت دژی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەوانە یەکێتیی ئەوروپا.
هاکیم جێفریز، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە دژایەتیکردنی یاساکەدا وتی: «بۆچی کۆنگرێس دەسەڵاتێکی بێسنوور بداتە ئەم سەرۆکە بۆ سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر جیهاندا، لە کاتێکدا کە ئەمە کاریگەریی نەرێنیی ئابووری لەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکاش دەبێت؟»
سهرچاوه: AP

