سەرچاوەیەکی سیاسی، ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە داوای محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر دواخراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردەیەکی سوننە هاتووەتە ناو هێڵی دانوستانەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت.
سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بەڕێوەبچێت، بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دواخرا.”
زیاتر وتی: “داوای دواخستنەکە لەلایەن بەرەی ناڕازییەکان لە کاندیدکردنی نوری مالیکی (یان ئەوەی ئەو پاڵپشتی دەکات) هاتووە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگی سەرکردەکانی چوارچێوەکە بۆ پاڵپشتیکردنی کاندیدکردنی سوودانی بۆ خولی دووەم، یان گەرەنتییکردنی دوورخستنەوەی مالیکی.”
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە “سەرکردەیەکی سوننە هاتووەتە سەر هێڵ بۆ فشارخستنە سەر هەندێک هێزی ناو چوارچێوەکە تاوەکو بچنە ناو تیمی سوودانی، بەڵام ئەویش سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە داوای دواخستنەکە لەلایەن سوودانی خۆیەوە بووە بۆ بەدەستهێنانی کات بە مەبەستی گۆڕینی جووڵەکانیان و پەیڕەوکردنی پلانێکی نوێ بۆ گەرەنتییکردنی خولی دووەم.”
هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە “کێشەی دووەم کە بەرەی سوودانی تەنگپێهەڵچنیوە، میکانیزمی ڕاگەیاندنی کشانەوەی مالیکییە لە کاندیدبوون؛ بەپێی پشتپەردەی کۆبوونەوەکان، ئەو هێزانەی تێبینییان لەسەر مالیکی هەیە، پێشنیازیان کردووە کە ناوبراو بە فەرمی و بە ئاشکرا کشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت، ئینجا بچنە ناو گفتوگۆی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، بەڵام بەدی نەهاتنی ئەمە بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەکە.”
سەرچاوەکە وتیشی: “ئەگەرێکی زۆر هەیە ئەمرۆ کۆبوونەوەیەکی بچووککراوەی هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەکە بە شێوەی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری دەربارەی قەیرانەکە ئەنجام بدرێت.”
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشبینی ئەوەی کردبوو کە چوارچێوەی هەماهەنگی پەنا بۆ دواخستنی کۆبوونەوە “یەکلاکەرەوەکە”ی ببات بۆ ڕۆژی دووشەممە، بە مەبەستی گەیشتن بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کە ببێتە هۆی هەڵبژاردنی کاندیدێک کە زۆرینەی دەنگی ناو چوارچێوەکەی هەبێت.
هەواڵی داهاتوو

