zagros news agency

سەربازیی زۆرەملێ لە عێراق 19 ساڵان دەگرێتەوە و نەچوون بۆ خزمەتەکە سزای بەندکردن و پێبژاردنە

خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بەگوێرەی پێشنیازەیاسایەک لە پەرلەمانی عێراق، لە 19 ساڵییەوە دەستپێدەکات، پابەندنەبوون بەو خزمەتە سزای بەندکردن و پێبژاردنی هەیە کە دەگاتە 2 ملیۆن دینار و رێگری لە گەشتکردنی لێ دەکرێت، خزمەتەکە بەگوێرەی بڕوانامەی کەسەکە لەنێوان 18 بۆ 3 مانگە، بەڵام کوڕی تاقانە ناگرێتەوە.
پەرلەمانی عێراق، یەکشەممە 19ـی نیسان یەکەم هەنگاوی بە ئاراستەی پەسندکردنی پێشنیازەیاسای خزمەتی سەربازی هاویشت، کاتێک خوێندنەوەی یەکەمی کرد، 198 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون بەبێ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە.
پێشنیازەیاساکە لە ساڵی 2021 ئامادە کرا، بەڵام لە خولی پێشووی پەرلەمان بەهۆی ناکۆکی لەبارەیەوە هەنگاو بۆ پەسندکردنی نەنرا.
تاووتوێکردنی پێشنیازەیاساکە کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەتایبەت کە ماددەکان ئاماژەن بۆ سەربازیی زۆرەملێ بۆ نێو سوپا، کە لە ساڵی 2003ـەوە لە عێراق کاری پێناکرێت، بەڵام هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند لەگەڵ ئەوە نییە پڕۆژەیاساکە ناوبنرێت “سەربازیی زۆرەملێ” و نایانەوێت کۆمەڵگە بەسەربازی بکەن.
پێشنیازەیاساکە لە 66 ماددە پێکهاتووە؛ لە هۆکاری دەرچوواندنیدا هاتووە کە بۆ ئەوەیە سوپای عێراق بەهێز بکرێت و دەرفەت بۆ هاووڵاتییان لە رەگەزی نێر بڕەخسێندرێت کە خزمەتی سەربازی بکەن.
دوای خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیازەیاساکە، قۆناغی خوێندنەوەی دووەمی ماوە بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کە لیژنەی پەیوەندیداری ئەو پرسەیە، 19ـی نیسان لەبارەی ئەو پێشنیازەیاسایەوە کۆبووەوە و بڕیاری دا بە “وردی لێکۆڵینەوە” لە پێشنیازەیاساکە بکرێت و تێبینییەکانی ئەندامانی لیژنەکە لەبەرچاو بگیرێت.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە دووری زانی پێشنیازەیاساکە پەسند بکرێت بەهۆی زۆریی ناکۆکی لەبارەیەوە و هەبوونی پابەندیی دارایی.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

یاسین

دۆناڵد ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی خوارد و چه‌ندین به‌ڵێنی دا

سەڵاح

کەشناسی : لە هەندێ ناوچە ئەگەری نمە باران هەیە

یاسین