پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئیبتیسام هیلالی، ڕایگەیاند کە پتر لە دوو ملیۆن منداڵ هەن کە تا ئێستا لە سیستمی پسوولەی خۆراک تۆمار نەکراون و زیاد نەکراونەتە سەر خێزانەکانیان.
هیلالی ڕوونی کردەوە کە بەشێکی زۆر لەو منداڵانەی دوای ساڵی ٢٠٢٠ لەدایکبوون، بەهۆی ڕۆتینی کارگێڕی و ڕاگرتنی کاتیی مامەڵەکان لە لایەن بنکەکانی خۆراکەوە لە ماوەکانی ڕابردوودا، لە دەرەوەی بنکەی زانیاریی کارتی خۆراک ماونەتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی بازرگانی لە ساڵی ٢٠٢٥دا سیستمێکی ئەلیکترۆنیی بۆ زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵ ڕاگەیاندووە، بەڵام خێرایی ڕاییکردنی مامەڵەکان زۆر خاوە و لەگەڵ قەبارەی زۆری داواکارییە پێشکەشکراوەکاندا ناگونجێت.
هیلالی ئاشکرای کرد کە ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) لە خولی داهاتووی یاساداناندا، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی بانگهێشت دەکات بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی زیادکردنی منداڵان، لەپاڵ تاوتوێکردنی کێشەکانی جیاکردنەوە و گواستنەوەی ناوی هاوڵاتیان لە سیستمەکەدا، بە ئامانجی خێراکردنی مامەڵەکان.

