کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر ڕایگەیاند، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر رووداوی خنکانی محەممەد سەعدەدین هادی، قوتابی دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشنی چین، و هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردوو دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی گوتەبێژی کۆنسوڵخانەی چین، لە شەوی 8ـی ئەیلوولی 2026 ئاگاداری رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو قوتابییە بوونەتەوە. دەزگا ئەمنییەکانی چین و زانکۆکە تیمێکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە پێکهێناوە و لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە چین.
کۆنسوڵخانەکە داوا لە میدیاکان دەکات رێز لە تایبەتمەندیی بنەماڵەی کۆچکردوو بگرن و خۆیان لە زانیاریی بێبنەما بەدوور بگرن. هاوکات ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و ئاسانکاریی گەشت بۆ بنەماڵەکەی بەرەو چین.
کۆنسوڵخانەی چین جەخت دەکاتەوە کە دوای کۆتاییهاتنی تەواوی ڕێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەکان، زانیاریی زیاتر لەسەر ئەنجامی رووداوەکە بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.

