دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکی نزیکەی یەک کاتژمێری لە کۆنفڕانسی حیزبی کۆماری لە دالاس، پێش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی کۆنگرەی ئەمریکا، قسەی توندی لەسەر ئێران کرد.
ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر پێویست بێت، ئەمریکا ڕەنگە جارێکی تریش هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو وتی: «ڕەنگە ئێمە ناوچەی پیکەکس ماونتین بکەینە ئامانج»، کە نزیکە لە دامەزراوەی ناوەندی نەتەنز بۆ پڕۆسەی دەوڵەمەندکردنی ئۆرانیۆم.
ترامپ هەروەها وتی: «ئێستا هەندێک چالاکی لە پیکەکس ماونتین دەبینین»، و هۆشداری بە تاران دا کە لە هەر هەنگاوێکی «مەترسیدار» دوور بێت.
ئەو زیادیکرد: «بە زۆر جدی ئامۆژگاری ئێران دەکەم، چونکە ڕەنگە ناچار بین بە زۆر توندی لێی بدەین.»
بەڵێنی ٥ هەزار دۆلار بۆ هەر ئەمریکییەک
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، ترامپ بەڵێنی دا کە ئەگەر حیزبی کۆماری لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی کۆنگرە، کە لە مانگی نۆڤەمبەر بەڕێوەدەچێت، سەرکەوتوو بێت، هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی ٥ هەزار دۆلار وەربگرێت.
ئەم بەڵێنەش بووە مایەی سەرنج و گفتوگۆی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ترامپ: لە ئاسمانەوە ناوی فەرماندەکانی ئێران دەخوێنینەوە
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باس لە چاودێریکردنی جوڵەی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران کرد و وتی:
«باوەڕ دەکەن کە ئێمە بتوانین ناوی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران، کە لەسەر سنگ و جلوبەرگیان نووسراوە، لە فەزایەوە و بەهۆی مانگە دەستکردەکانەوە بخوێنینەوە؟»
پێشنیاری ناونانی «گەرووی ترامپ»
ترامپ لە بەشێکی تری قسەکانی، جارێکی تر باس لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکا کرد و پێشنیاری کرد ناوی ئەم گەروە بگۆڕدرێت بۆ «گەرووی ترامپ».
ئەو وتی: «پێموایە دەبێت ناوی گەرووی هورمز بکرێت تەنگەی ترامپ. دەبێت شتێکم لەم هەموو شتانە بەدەست بێت.
ترامپ لە کۆتاییدا وتی: «پێم وانیە ئەوان لە هیچ شتێک دڵخۆش بن. وڵاتەکەیان لە دۆخی خراپدایە. ئەوان بۆ ماوەی ٥١ ساڵ هێزی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، بەڵام ئیتر وا نین.»

