سەرنووسەری ڕۆژنامەی «خەبات» ئاماژە بەوە دەکات کە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوێکی ئەرێنی و خۆشحاڵکەرە، بەڵام جەخت دەکاتەوە ئەم پرۆسەیە بە تەنیا بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵواسراوەکان و پێویستە پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بکرێت.
لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی «خەبات» نووسیویەتی: “هەواڵی یەکگرتنەوەی پێشمەرگەکانی هەردوو دەڤەر، هەواڵێکی گەلێک خۆش بوو، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکە زۆر درەنگ کەوت و هاوکاتە لەگەڵ بەجێهێشتنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەڵام پاشەکشەنەکردن و ئەنجامدانی، زۆر باشترە لە یەککنەگرتنەوە.”
سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات روونی کردۆتەوە کە تەنیا بەم هەنگاوە کێشە چەقبەستووەکانی تر ناڕەوێنەوە، بەتایبەت کاتێک وا خەریکە دوو ساڵ بەسەر دوا هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت و هێشتا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و حکوومەتی نوێ نەدامەزراوە.
سەلام عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردۆتەوە لەم دۆخە هەستیار و ترسناکەدا کاتی ململانێی بێهودە نییە و دەبێت سەرجەم لایەنەکان ڕێز لە ئیرادەی گەل و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرن، و ئاماژەی بەوەش داوە: “مێژوو سەلماندوێتی کە کورد تەنیا بە یەکبوون و تەبایی گڕەوی لە ناحەز و دوژمنان بردۆتەوە، کاتمان زۆر بەدەستەوە نییە و دەبێت بەرژەوەندییە کاتییەکان وەلا بنرێن، دەنا مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات.”

