حکوومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕای گەیاند شەوی ڕابردوو هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لەسەر سنووری پاکستان لە ویلایەتی بەلووچستان و زیانی زۆری پێ گەیاندوون. حکوومەتی تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات شەوی سێشەممە ٣٠ی حوزەیران، هێرشی “ئاسمانی” بۆ سەر “بنکەکانی داعش” و “شەڕ و فیتنە” لە بەلووچستان و خەیبەر پەختونخوا لە پاکستان ئەنجام داوە.
سوپای پاکستان بەڵام دەڵێت چوار “درۆنی سادە”یان کە لەو بەری هێڵی دیورەندەوە نێردرابوون، بە سیستەمی بەرگری ناسیوە و تێکیان شکاندوون. پاکستان هۆشداریی دا هەر جۆرە هاندانی زیاتر “وەڵامێکی گونجاوی دەبێت.”
وەزارەتی بەرگری حکوومەتی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج، بۆ ئەنجامدانی “ئۆپراسیۆنی تێکدەرانە و هێرش” لە ئەفغانستان بەکار دەهاتن. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان بەڵام دەڵێت حکوومەتی تاڵیبان ئەم کارەی بۆ پاڵپشتی لەو گرووپە تیرۆریستییانە ئەنجام داوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا چالاکی دەکەن. ئەم هێرشانەی حکوومەتی تاڵیبان دوای ئەوە هاتن کە پاکستان شەوی یەکشەممە ٢٨ی حوزەیران هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئەفغانستان و بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٨ کەسی سڤیلی تێدا کوژرا.
هەواڵی داهاتوو

