ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی پرسی ئاوی ماڵان به‌ڕێوه‌چوو

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14-7-2024، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و نوێنه‌ری ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ند و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاوی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌باره‌ی پرسی ئاوی ماڵان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌و هه‌نگاو و پڕۆژانه‌‌ كرا، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌كاتی دابه‌شكردنی ئاو به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر درووست ده‌بن.

پارێزگاری هه‌ولێر ته‌واوی لایه‌نه‌كانی راسپارد، به‌ده‌م داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانه‌وه‌ بچن و ته‌واوی پاڵپشتییه‌كانی پارێزگا نیشان بدەن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، چه‌ندین پڕۆژه‌ ده‌ست پێكراوه‌، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ گرفته‌كانی كه‌مئاوی چاره‌سه‌ر ده‌بن و كه‌‌ بریتیین له‌ لێدانی بیری ئاوی نوێ له‌و شوێنانه‌ی كه‌ بیره‌كان به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵییه‌وه‌ وشكبوون، جیا له‌ دابینكردنی كاره‌با و ته‌واوی پێداویستییه‌كانی دیكه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان.

بڕیاریش درا تاوه‌كو ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌واو ده‌بن، به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، له‌ رێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورت ئاوی پاك بگه‌یه‌ندرێته‌ هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ پێویستییان به‌ ئاوه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت ته‌واوی گرفت و ئاڵنگارییه‌كان كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك بۆ ماڵان چاره‌سه‌ر ده‌بن و تیمه‌ هونه‌رییه‌كانی‌ پارێزگای هه‌ولێر خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانن.

جه‌ختیشی له‌ رێگریكردن له‌ زێده‌ڕۆییكردن بۆسه‌ر هێڵه‌كانی ئاو كرده‌وه‌، داواشی كرد هاووڵاتییان ده‌ست به‌ ئاوه‌وه‌ بگرن و به‌ گوێره‌ی پێویستییه‌كانیان به‌كاری بهێنن.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هاووڵاتییان ده‌ستكاری قوفڵه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو نه‌كه‌ن، تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێر به‌ هاوسه‌نگی ئه‌ركی دابه‌شكردنی ئاویان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ و ئه‌وان به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌كانیان ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئومید خۆشناو، له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر گرفتی گه‌یاندن و دابه‌شكردنی ئاوی پاك چاره‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌و شوێنانه‌ش كه‌ ماون، له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیك گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌بن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئاو له‌شاری هه‌ولێر له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و خوودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌،‌ له‌ ئایینده‌دا له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌وه‌ ئه‌و گرفتانه‌ به‌ یه‌كجاره‌كی بنبڕ و چاره‌سه‌ر ده‌بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌وێنه‌… لە هەولێر هاولاتییانی سوری به‌هۆی رووخانی ئه‌سه‌د دلخۆشی خۆیان دەردەبرن

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نەمسا لە عێراق دەكات

یاسین

وه‌زیری ناوخۆی توركیا كوشتنی به‌رپرسێكی په‌كه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند

سەڵاح