بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، كەسێكیان دەستگیر كردووە، كە لە بەغدا بڕەپارەیەكی زۆری دزیوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/8/2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا باس لەوە كراوە، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی (ع، ا، م) بە نەتەوە عەرەب و دانیشتووی بەغدا كە خاوەنی كۆمپانیای بازرگانیی گشتییە لە بەغدا، ئاگادار كرایەوە، بڕی 155 ملیۆن دیناری عێراقی لە بەغدا لێ دزراوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، “تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری توانییان لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبار (ع، ر، ج) دەستگیر بکەن و دەست بەسەر بڕی پارەی دزراودا بگرن.
ئاسایشی هەولێر ڕوونیشی كردووەتەوە، تۆمەتبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، دوای دانپێدانانی تۆمەتبار، پارە دزراوەکە ڕادەستی خاوەنەکی کرایەوە کە دانیشتووی بەغدایە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: “لەلایەن خۆیەوە ئەو كەسە (ع، ا، م) سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی کرد.