ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سوپاسنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

بە ناوی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی سەرۆک و سکرتێر و مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی حزب و لایەنە کوردستانیی و عێراقییەکان و کەسایەتی و سیاسەتمەدار و حزبە تێکۆشەرەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین. هەروەها سوپاسی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەند و دامەزراوە زانستی و میدیاییەکان و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان و خەڵکی خۆڕاگر و وەفاداری کوردستان و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە لە بیرەوەری ١٦ی ئاب، حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان بە پەیام و پیرۆزباییەکانیان بەشداربوون لە بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە پیرۆزە. پەیامەکانتان بۆ جەنابى سەرۆک (مەسعود بارزانى) و مەکتەبی سیاسیی پارتیمان لەو بیرەوەرییە شکۆدارەدا، کە هەڵگری گیانی برایەتی و هاوخەباتی بوون، مایەی سوپاسگوزاری و پێزانینیی زۆرمانە.

ئومێدەوارین هەموو لایەک بە یەکگوتار و ئیرادەی سیاسیی هاوبەش هێز و تواناکانمان یەکبخەین بۆ پتەوکردنی هاوڕیزیی و یەکدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانمان و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیی و پێکەوەژیان و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. هاوکات دەستخۆشی و سوپاسی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کادیر و ڕاگەیاندنکار و ئەندام و لایەنگر و دۆست و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان دەکەین، کە بەرپرسانە و سەبەرزانە یادی دامەزراندنی پارتەکەیان بە چالاکی جۆراوجۆر و بەتایبەتی لە ڕێگەی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیاوە شکۆدار و پیرۆزتر کرد.
جارێکی دیکە سوپاسگوزاریمان دەردەبڕین، هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌ چاودێری سه‌رۆكی حكوومه‌ت رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی لاوان به‌ڕێوه‌چوو

سەڵاح

به‌ بڕی زیاتر له‌ دوو ملیار دینار پرۆژەی شەقامێكی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەك لە دارەتوو دەست پێدەكات

سەڵاح

هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە

یاسین