وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە ئاگادارییەكی بڵاو كردەوە و داوا لە خەڵك دەكات، كە خۆیان لە پڕوپاگەندەی دابینكردنی ڤیزای حەجكردن بە دوور بگرن و ڕاشیدەگەیەنێت، كە ئەمساڵ پڕۆسەی حەجكردن تەنها لەڕێی فەرمییەوە بەردەستە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە لە بەیاننامەیەكی ئاگاداریدا ڕایگەیاند: “دابینكردنی ڤیزای حەجكردن لە ڕێی شاندی وڵاتانەوە دەكرێت، كە زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە ڤیزا لە ڕێی مینبەری (نسك)ەوە بۆ 126 وڵات بەردەستە.
لە ئاگادارییەكەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییەدا ئەوەش هاتووە، كە موسڵمانان ئاگادار دەكاتەوە، باوەڕ بەو ڕێكلام و هەواڵە نافەرمییانەی لە سۆشیال میدیا و كەناڵەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە نەكەن و دەشڵێت: ئێمە لەو جۆرە هەواڵانە بەرپرس نین و ئەوانەی بڵاویش دەكرێنەوە نوێنەرایەتیی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە ناكەن.
لەسەر ئەو بابەتە، وەزاەرتی حەج و عومرەی سعوودییە بۆ زیاتر ڕێگەگرتن لە حەجكردنی نایاسایی، سەنتەرێكی چاودێریی میوانان و دوو هێڵی گەرمیشی داناوە و ڕاشیدەگەیەنێت، سەنتەری چاودێریی میوانانی ماڵی خودای گەورە بە شەو و ڕۆژ بەردەستە بۆ خەڵكی ناوخۆی سعوودییە بە ژمارە (1966) و بۆ دەرەوەی سعوودییەش بە ژمارە مۆبایلی (966920002814+) بۆ ئەوەی ڕۆژانە پێشوازیی لە پەیوەندییەكانی خەڵك بكەن.

