ڕۆژی چوارشەممە، 28-5-2025، وەزارەتی دارایی عێراق بە واژۆی تەیف سامی، نووسراوێكی دەركرد بە ڕاگرتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە مانگی پێنجەوە تا کۆتایی ساڵ کە هەشت مووچە دەکات، ئەو بڕیارەش كاردانەوەی ناوخۆی و عێراقی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لەمبارەیەوە شوان محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وایکردووە بەغدا بە بەردەوام غەدر لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات، لە ڕابردوودا ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتار و هەندێک حیزبی کوردیش، کە زۆربەیان مووچە و ئیمتیازیان لە بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی هەیە، بەمجۆرەیان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا گەیاندووە، کە ئەگەر مووچە ڕەوانە نەکەن و خەڵکی کوردستان برسی بکەن، ئەوا خەڵکی کوردستان لۆمەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ناکەن، بەڵکو هەڵەکەی دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەتایبەت، ئەمەش بە لێکدانەوەی خۆیان فاکتەرێکی گونجاوە بۆ لاوازکردنی پێگەی پارتی و حکومەتی هەرێم.
هەروەها شوان محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە ئەوانەی ئێستا حوکمی عێراق دەکەن، بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زۆرباش دەناسن و کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە، بۆیە دڵنیان لەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە بابەتە چارەنووسسازەکان یەکدەنگ نین، ئەوەش وایکردووە بەغدا هیچ ترسێکی لە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان نەبێت.
رێباز یونس

