وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، کە ئاگرێک لە چێشتخانەیەک لە شەقامی ڤیتاڵ کەوتەوە و دەستبەجێ تیمەکانمان لە بنکەی (نەورۆز،عەنکاوە) گەیشتنە شوێنی ڕووداو توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٧ خولەک لە ژوری بزوێنی بەڕێوبەرایەتیمان ئاگادار کراینەوە لە بونی ئاگرێک لە چێشتخانەیەک لە شەقامی ڤیتاڵ دەستبەجێ تیمەکانمان لە بنکەی (نەورۆز،عەنکاوە) گەیشتنە شوێنی ڕووداو توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و سێ تیمی بەرگری شارستانی سەر بە بەڕێوبەرایەتیمان بەژداری کۆنترۆڵ کردنەکەیان کرد.
وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر گووتی: بەدەر لە کوژاندنەوەی ئاگری چێشتخانەکە توانرا ڕێگری بکرێت لە پەڕینەوەی ئاگر بۆ چێشتخانە و جێگاکانی دیکەی دەوروبەری ئاگرەکە و ڕێگری لە زیادبونی زیانەکان کرا.
هەروەها شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە لەم ڕووداوە جگە لە زیانی ماددی کە بەر چێشتخانەکە کەوتووە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانمانەوە بەردەوامە.
رێباز یونس

