بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە بەم زووانە مووچەی هەردوو مانگی پێنج و شەشی فەرمانبەران و دواتریش مووچەی مانگی حەوت دابەش دەکرێت.
شوان محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: سوپاس بۆ خودا و خۆراگری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سوپاس بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی ڕۆڵێکی باشیان بینی لە ڕێکەوتنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم، بەم زووانە مووچەی هەردوو مانگی پێنج و شەشی فەرمانبەران و دواتریش مووچەی مانگی حەوت دابەش دەکرێت ، مردنیش بۆ ئەو کەسایەتی و لایەنانەی چ لە هەرێم چ لە بەغداد کە ڕۆڵی خراپیان دەگێڕاو بەنزینیان بەسەر ئاگردا دەکرد بۆ ئەوەی ڕێکەوتن نەکرێت و مووچەی فەرمانبەران نەدرێت.
هەروەها شوان محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە دوو لایەن سودیان لە بەردەوامی کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێم دەبینی، یەکێکیان کۆمەڵێک حزب و سەرکردەو پەرلەمانتاری شۆڤێنی عەرەب فشاردیان دەکرد بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق خەڵک و فەرمانبەرانی کوردستان سزا بدات، ئەم سزادانەی هەرێمیان دەکردە دەسکەوتی سیاسی و لە شەقامی خۆیاندا دەنگیان پێ کۆدەکردەوە و کورسی زیاتری پەرلەمانیان پێ مسۆگەر دەکرد، لایەنی دوومەیش حزب و کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتاری کورد لە کوردستان هەبوون و لە پەیوەندی بەهێز و نهێنیدا بوون لەگەڵ ئەو گروپەی بەغداد کە باسم کرد بۆ ئەوەی ئەوەی هەردوو حکومەت ڕێکنەکەون و خەڵک لە حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی توڕەبێت و بە حسابی خۆیان دەنگ بە ئەوان بدات و ببنەوە بە پەرلەمانتار.
رێباز یونس

