شارهزا له بواری گرێبهسته نهوتییهكان،كه خۆشی ماجستێری لهو بواره ههیه وتارێكی نووسیوه لهبارهی نهوتی كوردستانهوه كه بۆ زاگرۆس نێردراوه تێیدا هاتووه: زیاتر لە ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە تێدەپەڕێت، کەچی هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەستپێکردنەوەی نییە. ئەم قەیرانە، کە لە دەرەوە وەک ناکۆکییەکی سیاسیی سادەی نێوان هەولێر و بەغدا دەردەکەوێت، لە ناوەڕۆکدا گێژاوێکی ئاڵۆزی فرەلایەنە کە چارەنووسی ئابووریی هەرێم و عێراقی تێدا نقووم بووە.
دڵشاد موانی، نووسهر له وتارهكهیدا دهڵێت:کێشەکە تەنها لەسەر پارە و پشک نییە، بەڵکو قەیرانێکی قوڵی متمانە و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت بازرگانە جیهانییەکانی وزەیە. بۆ تێگەیشتن لە بنبەستبوونی دۆخەکە، دەتوانین پەنا بۆ چەمکێکی ئەدەبی ببەین. جۆزیف هیلەر، نووسەری ئەمریکی، لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەیدا لە ساڵی ١٩٦١ بە ناوی “گرێی ٢٢” باس لە دۆخێکی پارادۆکسی و بێ چارەسەر دەکات. لە ڕۆمانەکەدا، فڕۆکەوانێک بۆ ئەوەی لە ئەرکە سەربازییە مەترسیدارەکان ڕزگاری بێت، دەبێت بیسەلمێنێت کە شێتە. بەڵام یاساکە دەڵێت، هەر کەسێک کە بیەوێت لە فڕینە مەترسیدارەکان خۆی دەرباز بکات، نیشانەی ئەوەیە کە کەسێکی عاقڵە، چونکە تەنها مرۆڤی عاقڵ لە مەترسی هەڵدێت. بۆیە هەرگیز ناتوانێت شێتبوونی خۆی بسەلمێنێت و لەو بازنە داخراوەدا گیری خواردووە.
ئهوهش خراوهتهروو ئەمڕۆ، دۆخی نەوتی کوردستان بە شێوازێکی هاوشێوە لەلایەن شرۆڤەکارانەوە بە “گرێی شازدە” وەسف دەکرێت. ژمارە “شازدە” ئاماژەیە بۆ پێشنیازەکەی بەغدا کە دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بداتە کۆمپانیاکان وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، تا دواتر میکانیزمێکی هەمیشەیی دادەنرێت. بەڵام گرێکوێرەکە لێرەدایە: کۆمپانیا نەوتییەکان دەڵێن ئێمە هەناردەکردن دەست پێناکەینەوە تا گەرەنتییەکی یاسایی و دارایی تەواومان پێنەدرێت کە شایستەکانمان بەپێی گرێبەستە ئەسڵییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێدەدرێت. لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدراڵی دەڵێت ناتوانین پابەندی ئەو گرێبەستانە بین تا پێداچوونەوەیان بۆ نەکەین و لێیان ورد نەبینەوە.
موانی باس لهوهش دهكات : کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمیش ئامادە نین گرێبەستەکان بەو شێوەیەی بەغدا دەیەوێت بخەنە ڕوو. کەواتە، هەموو لایەک لە چاوەڕوانی ئەوی تردایە و هیچ لایەنێک ناتوانێت هەنگاوێک بنێت، ئەمەش دۆخەکەی خستووەتە ناو بازنەیەکی داخراوی بێ چارەسەرەوە.لەلایەکی دیکەوە، قەیرانەکە بەهۆی باری قورسی قەرزەکانی سەر شانی حکومەتی هەرێمەوە قوڵتر بووەتەوە. حکومەتی هەرێم، جگە لەوەی نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرزارای کۆمپانیا نەوتییەکانە بۆ ئەو نەوتەی پێشتر هەناردە کراوە، نزیکەی سێ ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلاریش قەرزارای کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکانی وەک “ڤیتۆڵ” و “پێتراکۆ”یە.
دڵشاد موانی زیاتر له نووسینهكهی دا هاتوه: ئەم قەرزانە لە ڕێگەی “ڕێککەوتنی پێشەکیی پارەدان”ەوە دروست بوون؛ بە واتایەکی تر، حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچە و پێداویستییە داراییەکانی، نەوتی چەندین ساڵی داهاتووی پێشوەختە فرۆشتووە و پارەکەی وەرگرتووە. ئەمەش وای کردووە کە بەشێکی زۆری داهاتی نەوتی داهاتوو، کە بە ١٥ بۆ ٢٠ لەسەد مەزەندە دەکرێت، بۆ چەندین ساڵ تەرخان کرابێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە. ئەم بارە داراییە قورسە، وای کردووە حکومەتی هەرێم نەتوانێت بە ئاسانی داواکارییەکانی کۆمپانیاکان جێبەجێ بکات، چونکە بەشێکی زۆری داهاتەکەی پێشوەختە خەرج کراوە.ئاکامی ئەم دۆخە چەقبەستووە ئەوەیە کە کۆمپانیاکان ناچاربوون بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ناوخۆدا بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە نرخی جیهانی بفرۆشن، تەنها بۆ ئەوەی تێچووی کارپێکردنیان دابین بکەن. ئەمە نەک هەر زیانێکی دارایی گەورەی لێداون، بەڵکو هەڕەشەیەکی جددیشە لەسەر بەردەوامیی وەبەرهێنان و مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان.
لهبارهی پرسی چارهسهریشهوه دهلێت: “چارەسەری ئەم گرێکوێرەیە تەنها بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی کاتی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە نەخشەڕێگایەکی گشتگیر و شەفاف هەیە. دەبێت کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان و تێچووەکاندا بکات. پێویستە گەرەنتیی یاسایی و بانکیی ڕوون بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان دابین بکرێت. هەروەها، دەبێت پلانێکی درێژخایەن بۆ بەڕێوەبردن و دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەتی هەرێم دابنرێت.بەووڵام گرنگتر لە هەمووی، دەرکردنی یاسایەکی فیدراڵیی نەوت و غازە کە ببێتە چەترێک بۆ ڕێکخستنی تەواوی کەرتی وزە لە عێراقدا و کۆتایی بەم ناکۆکییە بەردەوامانە بهێنێت. تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی لە ئارادا نەبێت، چارەنووسی نەوتی کوردستان و ئابووریی ناوچەکە وەک ئێستا بە نادیاری و هەڵواسراوی دەمێنێتەوە.

