ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.9.10، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە رادۆ بۆتۆم، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى یەکێتى ئەوروپا كرد.
لە دیدارەکەد بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى یەکێتى ئەوروپا، خۆشحاڵى خۆى بە دیدارەکە نیشاندا و سوپاسى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو ئاسانکارى و پاڵپشتى و هاوکاریانەى پێشکەشیان کردوون، پاشان کورتەیەکی لە بارەى پڕۆژە و کار و چالاکییەکانیان خستە ڕوو لە بوارى کاتوورى، نۆژەنکردنەوەى شوێنەوارە مێژوویەکان و ئەنجامدانى خولى ڕاهێنان و فێرکردن و گەشەپێدانى مرۆیی و کشتوکاڵى و چۆنیەتى هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى سڤیل.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنان ئاماژەى بەوەدا کە لە نزیکەوە ئاگادارى کارەکانیانە و، دڵنیاشى کردنەوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندارەکان هاوکار و هەماهەنگیان دەبن، وەک پارێزگاى هەولێریش هەرچى ئاسانکارى هەیە پێشکەشیان دەکرێت. گوتیشى، لەگەڵ سەرجەم کونسڵخانەکانى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا لە هەولێر پەیوەندى باش و پڕۆژەى هاوبەشمان بەیەکەوە هەیە، ئومێد دەکەین یەکێتى ئەوروپا تایبەتمەندى شارى هەولێر، کە یەکەمین شارە لەسەرئاستى عێراق چالاکى زۆر بێت لەبەرچاووبێت و پەیوەندیەکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى سەردانیکردنى باڵیۆزى نوێى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق بۆ هەرێمى کوردستان کرا، کە بڕیارە لەو نزیکانە سەردانەکەى ئەنجامبدات، بۆ ئەومەبەستەش پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دەست بەکاربوونى ئاماژەى بەوەدا کە بەڕێزیان لە پێشوتردا کونسڵى گشتیى وڵاتى ئەڵمانیا بووە لە هەولێر، ئەوەش خۆشحاڵمان دەکات کە باشتر لە بار و دۆخ و تایبەتمەندى شارى هەولێر بگات و چاوەڕیى سەردانەکەین بۆ هەولێرى پایتەخت.
دواتر تیشکی خستە سەر ئەو ڕێکار و ئیجرائاتانەى لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان گیراوەتەبەر لە ڕووبەڕووبوونەوەى تاوانى ڕێکخەر و بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هاریکارى و هەماهەنگى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان وەك ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەپێویست زانرا.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، سەبارەت بە قەیرانە مرۆییەکان و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و مەترسییەکانى کە لە ئێستادا کێشەیەکی جیهانە و کاریگەریشى کردۆتە سەر هەرێمى کوردستان بە گشتى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى گفتوگۆى لەبارەوە کرا و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگى و هاریکارى بەردەوامى یەکتر کردەوە.
لەکۆتایشدا، ڕەوشى ناوچەکە بەگشتیى و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکان، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

